گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

’’تیرۆرستە هەڵهاتووەکانی داعش لە سوریا بەرەو عێراق دێن’’

2022.01.25 - 09:29
App store icon Play store icon Play store icon
’’تیرۆرستە هەڵهاتووەکانی داعش لە سوریا بەرەو عێراق دێن’’

 

ناس کورد-  

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ڕایگەیاند، هێرشەکەی داعش بۆ سەر زیندانی حەسەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر عێراق، بە تایبەت زانیارییەکان وا دەریدەخەن زۆربەی ئەو چەکدارانەی داعش لە زیندانیەکەی شاری حەسەکە و ئەنجامدەرانی هێرشەکە ڕایانکردووە بۆ عێراق. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق (سێشەممە 25-1-2022) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، "ئەم ڕووداوانەی دوایی کە ڕوویدا چ لە حەسەکە یاخود پەلامارەکانی تری داعش، بێگومان کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر عێراق بە تایبەت زانیارییەکان کە وای دەردەخەن زۆربەی ئەوانەی ڕایانکردووە لە بەندیخانە بەرەو عێراق هاتوون لەبەر ئەوەی عێراق زیاتر شوێنێکە ئەو تیرۆریستانە دەتوانن شوێنی خۆیان بکەنەوە. "

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " بێگومان ئەم ماوەیەی دواییش داعش لە عێراق هێرشەکانی چڕکردۆتەوە، دوایین هێرشیان ئەوەی ناوچەی عوزێم بوو، ئەم هێرشە چرانەی داعش لە ئێستادا لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کە ئەمە بۆشایی ئەمنی دروستکردووە، چونکە زۆربەی دەزگا ئەمنیەکان وا بیر دەکەنەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوو کۆتایی بە ئەرکی ئەوان دێت و خەڵکی تر دێتە جێگەیان، هۆکارێکی تر کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکایە لە عێراق کە ئەمەش وایکردووە داعش زیاتر پەرە بە کردەوە تیرۆریستییەکانیان لە ناو عێراقدا بدەن. "

 

دەربارەی ژمارەی ئەو چەکدارە داعشانەی هاتوونەتە عێراق؟ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق باسی لەوەکردووە، "ناتوانرێت بزانرێت ژمارەی ئەو چەکدارە داعشانە چەندە، چونکە ئەوانە شوێنییان دیار نیـیە، ناوە بەناوە لەگەڵ ئەنجامدانی کردەوەکانیان دەردەکەون، بەڵام زانیارییەکانی ئێمە دەریدەخەن داعش لە پەرەپێدانی خۆیدایە لە عێراق و زیاتر ئامانجییان دەبێت لە ڕۆژانی داهاتوو. "

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو،  مەترسی داعش لەسەر هەرێمی کوردستان کەمترە، چونکە لە هەرێم یەک بڕیاری سیاسی و یەک دەنگی سیاسی هەیە، یەک سوپای یەکگرتووی بەهێزی هەیە هێزەکە مونەزەمترە، وە بڕیارەکانیش مونەزەمن، بەڵام لە عێراق بێجگە لە سوپای عێراق کۆمەڵێک گروپی چەکداری تر هەن، بۆیە کۆنترۆڵکردنی هێزەکانی داعش ڕەنگە بەو شێوەیە ئاسان نەبێت لەبەر نەبوونی یەک بڕیاری سیاسی لە عێراق بۆ ئامانجەکانی ئاسان نیـیە، بۆیە گرنگە ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بابەتی ئەمنی هەبێت وە هێزی هاوبەش هەبێت بۆ پاراستنی سنوورەکان بە تایبەت ئەو سنوورانەی دەکەونە سنوور لەگەڵ سوریا تا ڕێگا نەدرێت بە چەکدارانی داعش ئەمبەراوبەر بکەن. "