ناس کورد-
بەڕێوەبەرێکی گشتیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، ناردنی نەوتی ماڵان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام بە بڕێکی کەم رەوانە دەکرێت و داوای زیادکردنیان کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فەتاح رەحمان، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە ھاوکات سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای کڕینی سوتەمەنییە لە حکومەتی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی (دووشەممە 24-1-2022) ڕایگەیاند، " ناردنی نەوت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام بەھۆی کەمی ناردنی نەوتەکە رۆژانە ناتوانرێت وەکو پێویست بەسەر ھاووڵاتیان دابەش بکرێت."
وتیشی، "نەوتەکە لیتری بە 400 دینار دەدرێتە حکومەتی ھەرێم و تا دەگاتە دەستی ھاووڵاتیان بەرمیلێک نرخەکەی دەگاتە 90 ھەزار ئەو نەوتەش زیاتر بۆ ناو پارێزگاکانە، بەڵام ئەو نەوتەی کە حکومەتی ھەرێم دابینی دەکات نرخەکەی 55 ھەزار دینارە و دەدرێتە شوێنە ساردەکان و گوندەکان."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە داوامانکردووە ناردنی ئەو نەوتەی کە لە حکومەتی فیدراڵی دەکڕینەوە زیاتر بکرێت، چونکە ئەگەر بەم شێوەیە رەوانە بکرێت رەنگە تاوەکو مانگی چوار بڕەکەی تەواو بکرێت، بەڵام هیچ بەڵێنێکیان پێنەداوین کە بڕەکە زیاد بکرێت، لە ئێستاشدا کە پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی باشو رو ناوەڕاستی عیراقیش دابەزیوە بۆ خۆیان بەکاریدەھێنن."