گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

پەیامی ئێران لەسەر کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار ئاشکرا دەکرێت

2022.01.24 - 09:29
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامی ئێران لەسەر کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار ئاشکرا دەکرێت

 

ناس کورد- 

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران هەڵوێستی ئێران لەسەر کێشەکانی پارتی و یەکێتی و کاندیدانی ئەو دوو حزبە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ئاشکرا دەکات و دەشڵێت، نوێترین پەیامی ئێران ئەوە بووە کە کورد لە ڕێگای سازانەوە کێشەکانی خۆیان چارەسەربکەن و نەبنە تەرەف بە ناوی زۆرینەوە لایەنێک وەدەرنێن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران (دووشەممە 24-1-2022) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، "ئەوەی گرنگە بۆ ئێستای کوردی یەکڕیزی نێوماڵی کوردییە، نەبینە تەرەفی هیچ لایەنێکی تر، من خۆم ترسم لەوە هەیە هەندێک سیاسەت لە عێراقدا بمانگەڕێنێتەوە بۆ شێوازێک لەو ڕووداوانەی لە کاتی ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم بینران، چونکە ئەوانەی هەندێکجار کە پشتیوانی لە کورد یان لە شیعە دەکەن ڕەنگە بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی سوننە بێت، چونکە لە ئێستادا دژەکانی ناو سوننە زۆر بە ئاسانی یەکیان گرتووەتەوە، بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆی هەیە ئەمە بە پیلانێک بزانێت بۆ تێکدانی نێوماڵی شیعە، چونکە لە بەشی زۆرینەی دەسەڵاتیان دەردەهێنێت بۆ دەسەڵاتدارێتی لە حوکم. "

 

دەربارەی هۆشداریی ئێران بە لایەنە کوردییەکان کە نەبنە هۆی لەتبوونی ماڵی شیعە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەم پەیامە هی ئێستا نیـیە بە تەنها، چەند مانگ پێش ئێستاش کە 'جەنابی قائانی' سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد هەمان پەیامی دا بە لایەنە کوردییەکان، کە وتی، کورد نابێت ببێتە لایەنگری لایەنێکی شیعە بۆ دروستکردنی زۆرینەیەک بۆ دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، واتە پێکهێنانی حکومەت، نوێترین پەیامیش هەر ئەوە بووە کە کورد لە ڕێگای سازانەوە کێشەکانی خۆیان چارەسەربکەن و نەبنە تەرەف بە ناوی زۆرینەوە لایەنێک وەدەرنێن، پەیامەکە ڕوونە کە نابێت کورد ببێتە هۆی لێکترازانی ماڵی شیعە. "

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، " هەرچەندە من لەگەڵ ئەو شاندە ئێرانیانە نیم کە سەردانی نەجەف و هەولێر و سلێمانیان کردووە، بەڵام بە ئەزمونی خۆم،  قسەکانیان ئەگەر هەڵبسەنگێنین، زۆر جار من خۆم قسەیەکم هەیە لەسەر برادەرانی ئێرانی دەڵێم ( دوژمنەکانیان بە لبات سەردەبڕن) واتە وای لێدەکات ئازاریشییان نەبێت و تووشی شکستیشیان بکات. "

 

دەربارەی هەڵوێستی ئێران لەسەر پشتگوێخستنی هۆشدارییەکەی، نازم دەباغ باسی لەوەشکردووە، " من نازانم ئێران چی دەکات، بەڵام لە ڕێگای شاندەکانیانەوە ڕاستەوخۆ بە لایەنە سیاسیەکان و سەرۆکی حکومەتیان وتووە، ئەمەی کە دەیکات دەبێت چاوەڕوان بین چی دەکات، بۆی هەیە هیچیش نەکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە شتێک لە زیانی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت، وە بیانەوێت بە ڕێگایەک لە ڕێگاکان نفوزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق کەمبکرێتەوە یان نەهێڵرێت وە هێز و تواناکەی کە شیعەیە لە عێراق پەرش و بڵاوی بکەین بە دڵنیاییەوە ئێران بەرپەرچ دانەوەی دەبێت، ئیتر ئەو بەرپەرچ دانەوەیە، سیاسی بێت، عەسکەری بێت یاخود ئابوری ئەوە (لكل حادث حديث). "

 

هاوکات دەربارەی پشتگیری ئێران بۆ کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار؟ نازم دەباغ ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێران پشتگیری لە کاندیدی یەکڕیزی کورد دەکات، هەروەها پشتگیریش لەو کاندیدە دەکات کە گەلی عێراق دەیەوێت، ئێستا کە بەڕێز کاک هۆشیار خاوەن کاریزمایە و کاندیدکراوە لە لایەن جەنابی کاک مەسعودەوە هۆکاری خۆی هەیە،  یەکێتیش مافی خۆیەتی کاندیدی خۆی هەبێت کە کاک د. بەرهەمە، بە پێی زانیارییەکانی من لە ماوەی کە د. بەرهەم سەۆک کۆمار بووە کەسێک بووە کە لەلایەنی کۆماری ئیسلامی ئێرانیەوە ڕێزی لێگیراوە، ڕەزامەندیش هەبووە لەسەر ئەو سیاسەتەی کە ئەو پیادەی کردووە، بەرامبەر ئەوەش کاک هۆشیار زێباری کە وەزیری دەرەوە بووە هاتووەتە ئێران، ئێران هەمیشە ڕێزی تایبەتی بۆ هەبووە، بەڵام مەسەلەی سەرۆک کۆمار جیایە، سەرۆک کۆمار مافی کوردە لە نێو کوردیشدا بە پێی ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر کراوە کە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لای پارتیە، مافی یەکێتیە. "

 

هەروەها دەربارەی ئەوەی دەوترێت (قائانی) هۆشداری داوە بە پارتی کە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت، نازم دەباغ باسی لەوەکردووە، " من خۆم زانیاریم نیـیە، بەڵام باس دەکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەی کە من گوێبیست بووم لە زۆرینەی بەرپرسەکانی ئێرە دەڵێن (ئەگەر ئازادی هەبێت، ئەندام پەرلەمان بەدەستی خۆی بێت) بەدڵنیاییەوە دەنگ دەدرێت بە د. بەرهەم بۆ سەرۆک کۆمار، ئەوەی هەستی پێدەکرێت ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتیە لەسەر بابەتی سەرۆک کۆمار، بەڵام بە پاراستنی مافەکانی یەکێتی. "