ناس کورد-
وەزیری پەروەردەی هەرێم لەبارەی ڕاگرتنی دەوامی خوێندن ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ناکرێت لە شوێنێک دەوام بکرێت و لە شوێنێک دەوام نەکرێت، دەشڵێت، پشووەکە فەرمانبەرانی دیوانی وەزارەت و دیوانی پەروەردەکان ناگرێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم (شەممە 22-1-2022) لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی، ڕایگەیاند، "بڕیاری ڕاگرتنی دەوامی خوێندن تاوەکو 30ی مانگ، بەهۆی ئەوەیە کە لە بەشێک لە ناوچەکان ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بووە و گیانی مامۆستایان و قوتابیان دەکەوێتە مەترسییەوە."
وتیشی، "خوێندن لە هەرێم خوێندنێکی گشتییە و هەمووان پێکەوەن، ناکرێت لە شارێک دەوام بکرێت و لە ناوچەیەکی دیکە دەوام نەکرێت، بۆ ئەوەی دواتر هەمووان پێکەوە دەست بە وەرزی دووەم بکرێت، جگە لەوەی بەشێکی زۆر لە مامۆستایان شوێنی نیشتەجێبوون و شوێنی دەوامیان جیاوازە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕۆژی دووشەممە 1-2-2022 دەست بە وەرزی دووەمی خوێندن دەستپێدەکات و ئەو خوێندنگانەشی کە تاقیکردنەوەیان ماوە، تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن و دواتر دەست بە وەرزی دووەم دەکەن."
سەبارەت بە دەوامی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەش، ڕایگەیاند، "بڕیارەکە ناوەندەکانی خوێندن لە باخچەکان، قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان و پەیمانگە پێنج ساڵییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەگرێتەوە، بەڵام فەرمانبەرانی نێو دیوانی وەزارەت و دیوانی پەروەردەکان دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن."