ناس کورد-
پارێزگاى هەولێر رایگەیاند، لەسبەینێ وە رێوشوێن بەرانبەر ئەوانە دەگیرێتەبەر کە زیادەڕۆییان کردووەتە سەر رێڕەوى ئاو یان یان بهشێوهیهك لە شێوەکان پرۆژهكانیان لەسەر ڕێڕەوى ئاو جێبهجێكردووە و بوونەتە هۆکارى دروستبوونى لافاو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى پارێزگاى هەولێر کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران لە بەیانیەوە سەرجەم خاڵەکانى ڕاپۆرتى لیژنەى لێکۆڵینەوەى لافاو سەبارەت بە هۆکارى دروست بوون و گرتنەبەرى ڕێو شوێنى پێویست بۆ دووبارە نەبوونەوەى لافاو لەشارى هەولێر و چارەسەرکردنى كهمتهرخهمیی و کێشەكان کە بوونەتە هۆکارى دروستبوونى لافاوە جێبەجێبکرێت.
دەقى راگەیەنراوەکە:
بەفەرمانى سەرۆکى حکومەت، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ جێبەجێکردنى ناوەڕۆکى ڕاپۆرتى لیژنەى لێکۆڵینەوەى لافاو ئەنجامدرا
دواى فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پێکهێنانى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هۆکارى دروست بوونى لافاو لەشارى هەولێر و دەستنیشانکردنى ڕێگاچارە بۆ بەرگرتن و دووبارە نەبوونەوەى لافاو و ئامادەکردنى ڕاپۆرت لەلایەن لیژنەى ناوبراو و پەسندکردنى لەلایەن جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.1.19، بەئامادەبوونى ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و گەشت و گوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.محەمەد شوکرى، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان و سەرۆک و ئەندامانى لیژنە، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە گرتنەبەرى ڕێو شوێن و میکانیزمى پێویست بۆ جێبەجێکردنى بڕیار و ڕاسپاردە و پێشنیارەکانى ڕاپۆرتى لیژنەکە ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، تەواوى لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران لە بەیانیەوە سەرجەم خاڵەکانى ڕاپۆرتى لیژنەى ناوبراو سەبارەت بە هۆکارى دروست بوون و گرتنەبەرى ڕێو شوێنى پێویست بۆ دووبارە نەبوونەوەى لافاو لەشارى هەولێر و چارەسەرکردنى كهمتهرخهمیی و کێشەكان کە بوونەتە هۆکارى دروستبوونى لافاوە جێبەجێبکرێت و ئیجرائاتى پێویست دەرهەق بە هەموو ئەوانە بگیرێتەبەر کە دهستدرێژی و زێدەڕۆییان كردۆتە سهر رێڕهوی ئاو، یان بهشێوهیهك لە شێوەکان پرۆژهكانیان لەسەر ڕێڕەوى ئاو جێبهجێكردووە و بوونەتە هۆکارى دروست بوونى ئەو کارەساتە و ئەو ڕووداوە نەخوازراوەى لێکەوتۆتەوە.
جێگەى باسە، ئێوارەی ڕۆژى هەینی 17ی12ی 2021، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەدیوانى پارێزگای هەولێر، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بە کارەساتی لافاوەکەی هەولێر کرد و لە کۆبوونەوەکەدا وێڕاى ئەوەى لە نزیکەوە بەدواداچوونى بۆ ڕێکارەکان و پێشکەشکردنی فریاگوزاری و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە و زانینی قەبارەی زیانەکان کرد، بە فەرمانى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە تایبەت پێکهێنرا بۆ دەستنیشانکردنى کەم و کوڕى و كهمتهرخهمییەکان و چارەسەرکردنى ئەوشوێن و کەندانەى کە دەستکاری و زێدەڕۆییانکراوەتەسەر و بوونەتە هۆکارى دروستبوونى لافاو و گرتنەبەرى ڕێوشوێنى پێویست بۆ دووبارە نەبوونەوەى لافاو لە شارى هەولێر.