ناس کورد-
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند، گۆڕانکاریی ئیدارى لەسنورى پارێزگاکە دەکرێت و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و شارەوانییەکان دەگرێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەنعان خەیلانی (19-1-2022) بە پێگى فەرمى حزبەکەى وت "لیژنەیەک لە سەر ئاستی حکومەت و حزب پێکھاتوە بۆ پێداچوونەوە بە گۆڕانکاریەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر و بڕیارە گۆڕانکارییەکە تا ئاستی بەڕێوەبەرە گشتییەکان و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و شارەوانییەکان بگرێتەوە.
وتیشى "ئێستا ھەنگاوەکانی گۆڕانکارییەکە لە قۆتاغی کۆتایدایە و لە چەند رۆژی داھاتوو دەست بە گۆڕینی ژمارەیەک بەرپرسی ئیداری ھەولێر دەکرێت، چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە بەر گۆڕانکارییەکە دەکەون، ھەروەھا لەسەر ئاستی ھەر شەش بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ناوشار گۆڕانکاریی دەکرێت".
کەنعان خەیلانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسای ژمارەی ٣ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان گۆڕینی بەڕێوەبەری گشتی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە پەسەند دەکرێن، واتە ھەر بەڕێوەبەر و قایمقامێک بگۆڕدرێت پێویستە بۆ دانانی کەسانی نوێ بە دەنگی ئەنجومەن بێت.