گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەڵێت: ناکشێمەوە

کاندیدێکی سەرۆک کۆمار لەبارەی فشارکردن لێی بۆ کشانەوە قسە دەکات

2022.01.18 - 12:00
App store icon Play store icon Play store icon
کاندیدێکی سەرۆک کۆمار لەبارەی فشارکردن لێی بۆ کشانەوە قسە دەکات

ناس کورد- 

ڕزگار محەمەد ئەمین یەکێک لە کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، کاندیدی هیچ لایەنێکی سیاسیی نییە و کەسیش لە پشت خۆ کاندیدکردنی نییە، دەشڵێت، ئەگەرچی ئەگەری دەرچوونی زەحمەتە، بەڵام ئەو لە ڕکابەرییەکە ناکشێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو کاندیدەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق (سێشەممە 18-1-2022) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، " پۆستی دادوەریم پێخۆشترە لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، دادوەری بە هیچ پۆستێک ناگۆڕمەوە، بەڵام من لە کۆتایی کاری دادوەریدام چەند مانگێکی کەمم ماوە، لەناو دادوەریدا ئەوەندە غەدرم لێکراوە هێشتا کاری دادوەریم لەبەرچاو نەکەوتووە، بەڵام دادگا و دەزگای دادوەریم لەبەر چاو کەوتووە، من زۆر لە ئاستی ئیدارەی قەزائیدا زۆر ستەمکاری بەرامبەر من کراوە بەڵام لە شوێنی خۆمدا ئیشی خۆمم کردووە و بەردەوام دەبم هەتا ئەو ڕۆژەی خانەنشین دەبم." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەرچەندە ئەگەری دەرچونم زەحمەتە، چونکە لە عێراق پۆستەکان بە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانە، بەڵام ناکشێمەوە و گرنگ بەشداریکردنە لە پرۆسەیەکی دیموکراسی، خۆ ئەگەر هەڵبژاردن لەناو خەڵکەوە بووایە دەنگی پێویستم دەهێنا بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار."

 

لەبارەی ئەوەی کێ لە پشت خۆکاندیدکردنی حاکم ڕزگارەوەیە، ناوبراو ڕایگەیاندووە، "بە سەربەخۆیی خۆم کاندید کردووە، بەدڵنیاییەوە هیچ لایەن و گروپێکی سیاسی لە پشت کاندیدکردنمەوە نییە،‌ بەڵام لە ناو حیزبە سیاسیەکانیشدا وەکو کەس کە هەواڵی کاندیدکردنی من بڵاوبوویەوە پێیان خۆشە زۆرێک لەوانەش پێیان خۆشە کە لە حزبی جیاوازدان لە کوردی و عەرەبی و بە هەموو ئاڕاستەکانیانەوە خەڵکانێک هەن کە لە دڵەوە پێیان خۆشە، هەندێک کەسایەتیش کە خەڵکی ڕۆشنبیرن و ئەکادیمین و شارەزایی کارکردنی پیشەییان هەیە زۆر لەوانە بۆچونیان وایە کە ئینسان بچێتە پێشەوە بۆ بەشداریکردنەکە ئەگەر توانی و هەلی کارکردنی هەبوو هەرچی چەند توانی با ئیش بکات."

 

ڕزگار محەمەد ئەمین باسی لەوەشکردووە، "ئەگەر لەناو خەڵکەوە هەڵبژاردن بکرایە، ئەوا هەلی سەرکەوتنم زیاتر بوو." 

9620189hakmrzgar.3.jpg

 

سەبارەت بەوەی هیچ لایەنێک پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕیوە، ئاماژەی بەوەکردووە، " نەخێر لایەنە کوردییەکان یان لایەنە عەرەبیەکان منیان بینیووە و ئەمبینن، وە کاندیدکردنەکە لە میدیاکاندا بڵاوبۆتەوە، ئەوەی کە دەیەوێت پشتگیریم لێ بکات ماڵی ئاوا بێت، ئەوەشی خۆی کاندیدی هەیە ئەوەش بابەتێکی ترە، ئەوەی کە کاندیدی هەبێت هەتا کاندیدی هەبێت و سوور بێت لەسەر کاندیدی خۆی ڕەنگە منیش بە مەنتیقی نەزانم بچێت ئەندامێکی تر هەڵبژێرێت، بەڵام ئەم بابەتە کۆمێنتم هەیە لەسەری حزبە کوردییەکان بە تایبەتی حیزبە گەورەکان ئەمان حزبی نەتەوەیین دەبێت خەڵکی کوردستان هەموو بە یەک چاو تەماشا بکەن، دەبێت لە دائیرەی تەسکی حزبایەتی ئەم بابەتە بهێننە دەرەوە بە تایبەتی ئەگەر پۆستەکە بۆ پێکهاتەی کورد بێت هەر کوردێکی لێهاتوو چووە پێشەوە شەرفێکی گەورەیە بۆ حزبە کوردییەکان ئەوان پشتگیری لەو بکەن لەبەر ئەوە ئەوان دەتوانن پشتگیری لە ئەندامەکەی خۆیان بکەن ئاساییە و لۆمەش ناکرێن، بەڵام کە وەکو حزبێکی نەتەوەیی نمایش دەکەن دەبێت هەموو خەڵکی کوردستان بە یەک چاو سەیر بکرێت بۆ پۆستەکان دەبێت سەیری توانا و لێهاتوویی بکرێت." 

 

لەبارەی فشاریش بۆ کشانەوەی لە خۆ کاندیدکردنەکە، باسی لەوەکردووە، " فشار نییە، بەڵام هەندێک برادەر بە ناڕاستەوخۆ قسە دەکەن، من ناکشێمەوە چونکە بابەتەکە لەلای من خۆ تەرحکردنە بۆ خزمەتێکی گشتی، ئەم خزمەتی گشتیە ئێستا تۆپەکە لە ساحەی حزبە کوردییەکاندایە و بە تایبەتی لە ساحەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەراندایە، ئەوان دەنگم دەدەنێ و ماڵیان ئاوا بێت و دەستیان خۆش بێت و دەنگم نادەنێ ئەوە کەیفی خۆیانە ئەگەر دەنگیان دا بە خەڵکێکی لەمن لێهاتوو ئەوە پیرۆزی بێت، بەڵام ئەگەر دەنگیان دا بە کەسێک کە لە ئاستی مندا نەبێت بەپێی ئەو مەرجانەی کە هەیە ئەو کاتە ئەوە گوناحەکەی بۆ ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە کە دەنگەکە دەدەن."