گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

پارتى لەبارەى کاندیدى سەرۆک کۆمارەوە پرسیارێک لەیەکێتى دەکات

2022.01.16 - 20:01
App store icon Play store icon Play store icon
پارتى لەبارەى کاندیدى سەرۆک کۆمارەوە پرسیارێک لەیەکێتى دەکات

ناس کورد-

 

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاند، دەبێت پرسیارى ئەوە لە یەکێتى بکرێت کە لەسەر چى بنەمایەک کاندیدى پۆستى سەرۆک کۆمار دەستنیشاندەکات و پارتى بەمافى خۆى دەزانێت کاندیدى هەبێت بۆ ئەو پۆستە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەحمەد کانى (16-1-2022) بە پێگەى فەرمى حزبەکەى وت " پارتی پێی خۆشە لەگەڵ یەکێتی کۆ ببێتەوە، دەیەوێت لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کۆ ببێتەوە، بەتایبەتی یەکێتی، تا لە بەغدا بە یەک بەرنامە کار بکەین، ئەویش لەپێناو یەکڕیزیی کوردە لە بەغدا و پارتی بەرپرس نییە لەو ناتێگەیشتنەی پەیدا بووە.''

 

وتیشی "ھەڵوێستی پارتی دیارە و پارتی ھۆکار نییە لەو ڕەوشەی ڕۆژانی ڕابردوو لە بەغدا ڕووی دا، چونکە دەبێت لە برادەرانی یەکێتی بپرسین لەسەر چ بنەمایەک ئەوان سەرۆک کۆمار دەستنیشان بکەن، یان بەربژێری یەکێتی بێت.''

 

ئەحمەد کانی دەشڵێت "ئێمە وەک پارتی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنین لەنێو کورددا و ھیچ بەندێک نییە بۆ ئەوەی دیار بکات کە تاھەتایە سەرۆک کۆمار لای یەکێتیی نیشتمانی بێت، پارتییش بە مافی خۆی دەزانێت و بە مافی خۆیشمانی دەزانین کە نوێنەرمان ھەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.''

 

پۆستى سەرۆک کۆمار لەئێستادا دیارترین خاڵى ناکۆکى نێوان پارتى و یەکێتییە و هەریەکەیان بەجیا کاندیدى بۆ ئەو پۆستە دیاریکردووە کە دیارترینیان بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى ئێستا و هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتییە.

 

میدیای نزیک لە دەباشان (شەممە 15-1-2022) بڵاویکردەوە، لەدوا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی جەخت لەوە کراوەتەوە کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە دەستی کورد و لەنێویدا بۆ یەکێتی بمێنێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنەکان درێژە پێدەدەن.   

  

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا هیچ کەسێک وەک ناوی کۆتایی بۆ ئەو پۆستە دیاری نەکراوە.   

  

میدیای دەباشان لەزاری سەرچاوەیەکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە ڕاشیگەیاندووە، یەکێتی جوڵەیەکی سیاسی دەستپێدەکات و لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.