گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری و شیکردنەوە

ئەگەرێک بۆ دەنگە بەهێزەکەى ئێران کە لە کرماشانەوە تاوەکو هەرێمی کوردستان بیسترا

2022.01.16 - 15:01
App store icon Play store icon Play store icon
ئەگەرێک بۆ دەنگە بەهێزەکەى ئێران کە لە کرماشانەوە تاوەکو هەرێمی کوردستان بیسترا

ناس کورد-

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، دەوروبەری کاتژمێر 12ی شەو، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە دەیان شاری ئێران و تەنانەت هەرێمی کوردستان بیستران، بەرپرسانی سەربازیی و ئەمنی ئێرانیش تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکیان نەداوە.. تۆ بڵێی تەقینەوە ژێرزەمینە پڕ لە موشەکییە بالیستییەکان بوو بێ؟!

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بیستنی دەنگی بەرزی تەقینەوەکان لە ئێران خەریکە دەبنە دیاردە و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای خەڵک دروستکردووە، بەڵام تائێستا هۆکار و تەنانەت خودی ڕووداوەکانیش بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراون، بە تایبەت ئەوەی شەوی ڕابردوو ڕوویدا.

 

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (16-1-2022) کەناڵی "صابرین نیوز"ی سەر بە گروپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران لە تێلیگرام ڕایگەیاند، ئەو دەنگی تەقینەوانەی لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە بیستران بریتییە لە مەشقی بەرگریی ئاسمانیی ئێران بۆ تاقیکردنەوەى سیستەمی بەرگریی ئاسمانی نوێ کە بەم تازەییە ڕادەستی سوپا کراوە.

بەڵام موراد وەیسی، شیکەرەوەی سیاسیی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت، ئەو دەنگانە لە پانتاییەکی جوگرافیای 700 کم بیستراوە، واتە لەهەر پێنج پارێزگای کوردستان، کرماشان، هەمەدان، ئیلام تاوەکو پارێزگای ئەهواز بیستراوە، تەنانەت لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش بیستراوە.

 

ئەو دەشڵێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەو دەنگە، دەنگی تەقینەوەی کۆگا موشەکییە بالیستییەکانی ژێرزەوییە، چونکە دەنگی تەقەی سیستەمی بەرگریی ئەوەندە بەرز نییە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە "پێشتر دەنگی هاوشێوەش لە تاران و کەرەج بیستراوە، بۆیە چیتر خەڵک بڕوا ناکەن بەوەی کە ئەو دەنگی شەوی ڕابردوو هی مانۆڕی سەربازی و تاقیکردنەوەى چەکی نوێ بیت."


ئەو جەختیکردەوە کە "خەڵکی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باوەڕ بە ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران ناکەن، چەندینجاری پێشوو زانیارییەکانیان بەدرۆخراوەتەوە، باشترین نمونەش خستنەخوارەوە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بوو لە کانونی دووەمی 2020 کە پاش سێ ڕۆژ ئێران دانی نا بەوەی بە موشەک و بە هەڵە خراوەتەخوارەوە."

 

هەفتەی ڕابردووش، دەنگی تەقینەوەیەکی بەرز لە کەرەج بیسترا، دواتر سوپای پاسداران باسی لەوەکرد کە دەنگی تاقیکردنەوەى موشەکی بووە.

 

تەقینەوەکان لەکاتیکدایە ئێران چەندین تونێلی گەورەی موشەکی لە ناوچەکانی کرماشان و کەرەج لێداوە، ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، دەزگای لێکۆڵینەوە و هەواڵگریی "ئینتڵ لاب" تونێلێکی فراوانی کۆگاکردنی موشەکی بالستی لە پارێزگای کرماشان ئاشکرا کرد.


ئەو دەزگایە لەماوەی نێوان کانونی یەکەمی 2021 تاوەکو ئەلولی هەمان ساڵ، دوو تونێلی موشەکی بالیستی ئێرانی لە ناوچە جیاجیاکان ئاشکرا کردووە.

بەڕای چاودێران، دەکرێت ئەو تونێلە موشەکییانە کێشەی تەکنیکییەوە تەقیبێتنەوە، یاخود دەکرێت بەهۆی هێرشی سایبرییەوە (ئەلیکترۆنی) ئەو تونێلانە تەقێندراونەتەوە کە ئەمەش لە کاری هاوبەشی ئیسرائیل-ئەمریکا دەچێت، وەک چۆن پێشتر لە وێستگە ئەتۆمی و کارەبایی و سوتەمەنییەکانی ئێران ئەنجامیان دا.

لە تۆمارێکی دەنگی دزەپێکراودا کە ساڵی پار بڵاوکرایەوە، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ڕۆژێکیان جۆن کیری (وەزیری پیشووتری دەرەوەی ئەمریکا) پێی وتووە تۆ دەزانی لەو دوو ساڵەدا 500 جار هێرش کراوەتەسەر هێزەکانی ئێران لە سوریا؟! دەڵێت، "تووشی شۆک بووم من ئاگادار نەبووم، کاتێک بەدواداچوونم بۆکرد بینیم کیری ڕاست دەکا، کەچی سوپای پاسداران ئەم هێرشانەی کە بە بەرچاوی دونیاوە ڕوویداوە تەنانەت لە سەرکۆمار و وەزیری دەرەوەی شاردووەتەوە".

 

لە نوێترین لێدوانی فەرمی بەرپرسانی ئەو پارێزگایانە، مەهدی باباحەوائیجی، جێگری پارێزگاری هەمەدان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی بە ماڵپەڕی "ئیسنا"ی نزیک لە حکومەتی ئێران ڕایگەیاند، "تاوەکو ئێستا ئەگەری بەهێز ئەوەیە دەنگی تەقینەوەکانی شەوی ڕابردوو پەیوەندی بە مەشق و تاقیکردنەوەى سەربازییەوە هەبێت."

 

دەشڵێت، "لەدوای بیستنی دەنگەکە، فەرمان بە هەموو دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان بەدواداچوون بکەن تاوەکو سەرچاوەی ئەو دەنگە بزانرێت".

 

جێگری پارێزگاری هەمەدان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی جەختی کردووەتەوە کە "هیچ تەقینەوەیەک لە پارێزگای هەمەدان ڕووی نەداوە، پەیوەندیمان بە پارێزگاکانی تریشەوە کرد بۆئەوەی ئەگەر تەقینەوەکان لەوێ ڕوویاندابێت ئێمە هاوکارییان بکەین، بەڵام ئەوانیش جەختیان کردەوە کە هیچ تەقینەوەیەک ڕووی نەداوە."