ناس کورد-
درەنگانی شەوی ڕابردوو لە بەغدا، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە هێرش کرایەسەر نوسینگەی عەبدولکەریم عەبتان، پەرلەمانتار و بەرپرس لە هاوپەیمانی تەقەدومی سوننەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، هێرشەکە بە نارنجۆک ئەنجام دراوە لە لە ناوچەی سەیدییە لە ڕۆژئاوای بەغدا و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
ئەمە دووەم جارە کە ھێرش بکرێتە سەر نووسینگە و بارەگاکانی ھاوپەیمانیی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی و رۆژی ھەینی رابردوو لە ناوچەی ئەعزەمییە باکووری بەغدا، بە بۆمب ھێرش کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکی ھاوپەیمانیی تەقەدوم، محەمەد حەلبوسی کە تەنھا زیانی ماددی لێ کەوتەوە.
تا ئێستا ھیچ روونکردنەوە و زانیارییەک لەبارەی ھێرشەکەی ئەمڕۆ لەلایەن ھاوپەیمانیی تەقەدوم و بەرپرسانی عێراقەوە، بڵاو نەکراوەتەوە.
ھاوپەیمانیی تەقەدوم لە ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021دا لە کۆی 329 کورسی، 37 کورسی بەدەستھێنا و بووە دووەم براوەی ھەڵبژاردنەکان.
ئەمەیش لە کاتێکدا چەند رۆژێک لەمەوبەر بەھەمان شێوە ھێرش کرایە سەر لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و کادرێکی ئەو حزبە لە بەغدا، بەڵام ھێرشەکان زیانی گیانیان نەبوو.
ھەروەھا لە چەند رۆژی رابردوودا، سێ مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا کران و لە ئاکامدا، دوو کەس برینداربوون.
چاودێرانی سیاسی ئەو هێرشانە بە "پەیامێکی سیاسی" دەزانن و تا ئێستاش هیچ لایەنێک بە بکەری ئەو کردەوانە تۆمەتبار نەکراوە.