گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

لەسەر دابەزینی نرخی بەنزین ڕوونکردنەوە دەدرێت

2022.01.15 - 22:19
App store icon Play store icon Play store icon
لەسەر دابەزینی نرخی بەنزین ڕوونکردنەوە دەدرێت

ناس کورد- 

وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایگەیاند، ناردنی بەنزینە 690 دینارییەکەی بەغدا ڕانەگیراوە و دەشڵێت، لابردنی باج و ڕسوماتی سەر هاوردەکردنی بەنزین نزیکەی 50 دینار نرخەکە دادەبەزێنێت و گرانی بەنزین پەیوەندی بە بۆرسەی جیهانییەوە هەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی (شەممە 15-1-2022) بە "ناس کورد"ی ڕایگەیاند، "ناردنی بەنزینە 690 دینارییەکەی بەغدا ڕانەگیراوە و تا ئەمڕۆش دابەشکراوە و وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوامە لە ناردنی." 

 

وتیشی، "هەر بڕێک بنێردرێت ئێمە وەک بەنزینخانەکان دابەشی دەکەین، بەڵام شێوازی دابەشکردنی بەسەر بەنزینخانەکان و زیادکردنی بڕەکەی پەیوەندی بە نەوت و کانزاکانی سلێمانی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە هەیە،." 

 

ئەو بڕەی کە بەغدا دەینێرێت لیتری بە 690 دینار بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت، بەڵام بڕێکی کەمە و بەنزینی بازرگانیش کە سێ جۆری هەیە لە 750 دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو سەروو هەزار دینار، ئەوەش بەراورد بە ڕابردوو نرخێکی زۆرە. 

 

لەماوەی ڕابردوودا لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی هەرزانکردنی نرخەکەی داوای لابردنی باج و ڕسوماتەکانی سەر هاوردەکردنی بەنزینیان کرد. 

 

وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، "هیچ یەکێک لەو پێشنیازانە جێبەجێنەکراون و باج و ڕسوماتەکان هەروەک خۆی وەردەگیرێت." 

 

باسی لەوەشکرد، "ئەگەر باج و ڕسوماتەکان لاشببرێن، نرخی لیترێک بەنزین نزیکەی 50 دینار دادەبەزێت و گۆڕانکارییەکی ئەوتو دروست نابێت، چونکە گرانبوونی بەنزین پەیوەندی بە بۆرسەی جیهانییەوە هەیە و کێشەیەکی جیهانییە، ئەگەرنا پێشتریش باج و ڕسومات هەر وەردەگیرا."