ناس کورد-
ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی کەوتنی هێڵێکی کارەبای نیشتیمانی لە قەزای دوکان ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و بەشێکی ناوچەکانی سنوری سلێمانی کارەبایان بڕاوە و قائیمقامی دوکانیش دەڵێت، ڕووداوەکە زیانی گیانی نەبووە و تیمەکان لەئێستادا سەرقاڵی چارەسەرکردنین.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سیروان سەرحەد، قائیمقامی دوكان (شەممە 15-1-2022) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە یەکێک لە هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا لە قەزای دوکان کەوت و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتەوە."
وتیشی، " دەستبەجێ تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتنە شوێنەکە و ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا و خۆشبەختانە رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە و کارمەندەکان سەلامەتن".
قائیمقامی دوکان ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەندەی من ئاگادار بم بەهۆی بچڕانی هێڵەکەوە کارەبای قەزای دوکان، ناحیەی پیرەمەگرون، خەلاکان و تاسڵوجە بڕاون و لەئێستادا تیمەکان سەرقاڵی ئەوەن بەشێکی هەڵ بکەنەوە و ئەوەشی کە کاتی زیاتری دەوێت ئەوە بەڕێوەبەرایەتی کارەبا دەزانن."