گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتی تەندروستی لەبارەى توشبوونی نوێی بە ئۆمیکرۆن ڕوونکردنەوەی دا

2022.01.11 - 14:02
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتی تەندروستی لەبارەى توشبوونی نوێی بە ئۆمیکرۆن ڕوونکردنەوەی دا

ناس کورد-

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، هیچ حاڵەتێکی نوێی توشبوون بە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە عێراق نەکراوە، تەنها ئەو چوار حاڵەتە نەبێت کە لە دهۆک تۆمارکران.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق (11-1-2022) هۆشداری دا لە بەرزبوونەوەی زیاتر ئاماری توشبووان بە کۆرۆنا و ڕایگەیاند، "تائێستا هیچ حاڵەتێکی نوێی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن تۆمارنەکراوە جگە لەو حاڵەتانەی پێشتر ڕاگەیەنران."

 

وتیشی، "ئەوەی دوێنێ لە چەند میدیایەک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە لەبارەى دەرکەوتنی گشتگیری ئۆمیکرۆن ڕاست نییە."

 

وتیشی، "وەزارەت لە مەترسیداری ئەو گۆڕاوە کەم ناکات" بەڵام "پێویستە هەمووان پابەند بن بە سەرچاوە فەرمییەکانی زانیارییەوە."

 

سەیف بەدر جەختی کردەوە کە "لە ئەگەری دەرکەوتنی حاڵەتی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن و دوای پشکنینی تاقیگەکان، بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنین."

 

ڕۆژی 6ی کانونی دووەمی 2022، وەزارەتى تەندروستیی هەرێم تۆمارکردنى پێنج حاڵەتى توشبوون بە ئۆمیکرۆنى ڕاگەیاند کە سەرجەمیان لە دهۆک بوون و لە دەرەوەى وڵات گەڕاونەتەوە.

 

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم وتی، "ئەو پێنج کەسە ئەندامى یەک خێزانن و ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، لەئێستادا بارى تەندروستیان جێگیرە و پێویستیان بەوە نەبووە لە نەخۆشخانە داخڵبکرێن."