گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێ

پەیامێک لە پارتییەوە بۆ یەکێتی.. پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلابووەتەوە

2022.01.10 - 12:10
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێک لە پارتییەوە بۆ یەکێتی.. پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلابووەتەوە

ناس کورد- 

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، یەکێتی یەکڕیزی کوردی لە بەغدا تێکدا و لە دوا وادەدا لە بەڵێنەکەی پەشیمان بووەوە، دەشڵێت، دوورنییە پارتیش کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەبێت، ئەندامێکی دیکەشیان دەڵێت، پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلابووەتەوە و دوو کاندید بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان دەکرێن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

چیایی تەیمور، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکانی پارتی ڕایگەیاند، "جێگەی داخ بوو کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە دوا وادەدا لە بەڵێنی خۆی پەشیمان بووەوە و بەشداری دانیشتنەکەی شەوی ڕابردوو پەرلەمانی نەکرد و دەنگی بە کاندیدی پارتی بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان نەدا." 

 

سەبارەت بەوەی ئەو هەڵوێستەی یەکێتی دەبێتەهۆی ئەوەی ئەوانیش دەنگ بە کاندیدانی یەکێتی نەدەن، باسی لەوەکرد، "زۆرکات پارتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کورد لە مافی خۆی خۆش بووە، بەڵام هەموو ئەگەرێک کراوەیە." 

 

لەبارەی ئەوەی وەک پارتی کاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ڕایگەیاند، "دوورنییە پارتیش کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەبێت، چونکە بەپێی کورسییەکانی هەڵبژاردنیش ئەو پۆستە مافی پارتییە، بەڵام پێشووتر لە مافی خۆی خۆشبووە." 

 

هاوکات مەهدی كەریم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی (دووشەممە 10-1-2022) بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە، " پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ڕێككەوتوون كە دوو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەستنیشان بكەن ." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو پرسە چارەسەرکراوە چ لەلایەن لایەنە كوردییەكانەوە چ لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان، هەروەك چۆن سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و دوو جێگرەكەی دەرچوون، كاندیدی كوردیش بۆ سەرۆك كۆمار بەئاسانی تێدەپەڕێت."

 

کاروان یاروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی بە تەلەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى راگەیاند، ئەوان نەیانویستووە لەگەڵ لایەنێک بن دژى لایەنێکى تر و بەرچاومان روون نەبووە، بۆیە بەشدارییان نەکردوە.  

  

لاى خۆیەوە رێزان شێخ دلێر، راوێژکارى مەکتەبی سیاسی یەکێتى وتى "ئەوە دەریخست کە وادیارە عەزم و تەقەدوم و رەوتى سەدر و پارتى پێشتر رێککەوتنیان کردووە، لەکاتێکدا بڕیاربوو یەکێتى و پارتى پێکەوە رێکەوتن بکەن لەگەڵ لایەنەکان".