گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

وەزیرى تەندروستى: پێشبینییه‌كان زۆر نزیكن بۆ گەیشتنى ئۆمیکرۆن بە هه‌رێم

2022.01.06 - 13:19
App store icon Play store icon Play store icon
وەزیرى تەندروستى: پێشبینییه‌كان زۆر نزیكن بۆ گەیشتنى ئۆمیکرۆن بە هه‌رێم

ناس کورد-

 

وەزیرى تەندروستیی حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، پێشبینییه‌كان زۆر نزیكن بۆ گەیشتن و بڵاوبوونەوەى نەوەى گۆڕاوى کۆرۆنا ناسراو بە ئۆمیکرۆن لە هه‌رێمی كوردستان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سامان بەرزنجى (6-1-2022)  لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتى هەرێم وتى "ئێستا ئۆمیكرۆن له‌ جیهاندا جۆرێكی نوێی هه‌ڵگه‌ڕاوی ڤایرۆسی نوێیه‌. وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان و عێراقیش ڕایانگه‌یاندووه‌ کە حاڵەتى تووشبوونیان هەیە و له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپاش بڵاو بووەته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تا له‌ باشووری ئه‌فریقیا سه‌ری هه‌ڵدا، واتا مه‌حاڵ نییه‌ بگاته‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ش".

 

وتیشى "پێشبینییه‌كانیش زۆر نزیكن له‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌ لە هه‌رێمی كوردستان بڵاو ببێته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ ئه‌زموونی پێشووترمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌".

 

دەقى چاوپێکەوتنەکە:

 

ـ دوایین ئه‌پده‌یتی ئاماره‌كانی كۆرۆنا چییە؟

د. سامان به‌رزنجی: نه‌خۆشی كۆرۆنا به‌رده‌وامه‌ له‌ جیهان و له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ش له‌ دواهه‌مین هه‌ڵكشان كه‌ شه‌پۆلی سێیه‌م بوو به‌رزترین لووتكه‌ بوو له‌ مانگی هه‌شت كه‌ شه‌ش هه‌فته‌ له‌ ئاستی به‌رزدا بوو. هه‌موو نه‌خۆشییه‌كی گواستراوه‌ له‌ ماوه‌ی چوار بۆ شه‌ش هه‌فته‌ ده‌گاته‌ لووتكه‌ و دواتر به‌ره‌و خواره‌وه‌ دێت، ئێستا ده‌توانین بڵێین به‌ره‌و خواره‌وه‌ی چه‌مانه‌وه‌ی تووشبوونه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی له‌ كه‌سێك بۆ یه‌كێكی تر و ئه‌وه‌ش له‌ ده‌رئه‌نجامدا واتای داخڵبوون له‌ نه‌خۆشخانه‌و تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ كه‌م بووەتەوە و ڕێژە‌ی مردنیش كه‌م ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ نه‌خۆشی كۆرۆنا و ڤایرۆسی كۆرۆنا نه‌ماوه‌، نه‌خێر ڤایرۆسه‌كه‌ بوونی هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ و هه‌ڵگه‌ڕاوی ڤایرۆسه‌كه‌ش بوونی هه‌یه‌ به‌ ناوی ئۆمیكرۆن كه‌ پێشبینی شه‌پۆلی چواره‌م ده‌كرێت.

 

ـ تا ئێستا دوو دۆز ڤاكسین لێدراوه‌ و‌ ئاماری ورد له‌مباره‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌نده‌ و پێشوازیی خه‌ڵك چۆنه‌ له‌م بواره‌وه‌؟

د. سامان به‌رزنجی: تا به‌ر له‌ مانگێك پێش ئێستا و به‌ پێی ڕێنماییه‌كان دوو ژە‌می ڤاكسین ده‌درا كه‌ له‌ یەکێک بۆ یه‌كێكی تر جیاواز بوو و له‌ جۆرێك بۆ جۆرێكی تر جیاواز بوو، چونكه‌ سێ جۆری سه‌لامه‌تی ڤاكسین به ‌كار دێت له‌ هه‌رێمی كوردستان بە هه‌ر سێ جۆری ڤاكسینەوە کە له‌ ١٨٠ سه‌نته‌ری لێدانى ڤاكسین و لە ڕێگەى ٤٥ تیمپ‌ گه‌ڕۆكه‌وە به‌رده‌سته‌ و‌ هه‌موو ڤاكسینه‌كان سه‌لامه‌ته‌ و هاووڵاتیان ده‌توانن به‌كاری بێنن. بە گشتى تا ئێستا دوو ملیۆن و ٨٢٠ هەزار و ٥٠٩ کەس ژە‌مە ڤاكسین گه‌یشتووه‌تە هه‌رێمی كوردستان و لەم ژمارەیەش ملیۆنێک و ٨١٢ هەزار و ٦٢٧ ژە‌م به‌كار هاتووه‌، واتا ٧٠%ی ڤاكسینی به‌رده‌ست به‌ كار هاتووه‌ و‌ ٩٢٦ هەزار و ٧٢١ ژەم به‌ هه‌رسێ جۆرییه‌وه‌ له‌ سه‌نته‌ره‌كان به‌رده‌سته‌ و ئێستا پڕۆسه‌ی دابینكردنی ڤاكسین به‌رده‌وامه‌ و‌ ده‌مانه‌وێت زۆرترین ڕێژە‌ی هاووڵاتیان له‌ هه‌رێمی كوردستان ژە‌می ڤاكسین وه‌ربگرن. ژە‌می یه‌كه‌م ملیۆنێک و ٧٩ هەزار و ٧٣٧ ژە‌می ڤاكسین به‌ كار هاتووه‌ و لە ژەمى دووەمیش ٨١١ هەزار و ٩٦ دانە ڤاکسێن به ‌كار هاتووه و‌ ماوه‌ی مانگێك ده‌بێت کە به‌ پێی ڕێنماییه‌كان ژە‌می سێیه‌میش ده‌ده‌ین. هەروەها‌ ئێستا له‌ ١٢ ساڵی به ‌سه‌ره‌وه‌ ڕێنمایی وه‌رگرتنی ڤاكسین ده‌ده‌ین كه‌ پێشتر له‌ ١٨ ساڵی به‌سه‌ره‌وه‌ بوو و تا ئێستا ٣٤%ی هاووڵاتیانی ته‌مه‌ن سه‌روو ١٨ ساڵی ژە‌می یه‌كه‌می ڤاكسینیان وه‌رگرتووه‌ و ٢٥%یش ژە‌می دووه‌میان وه‌رگرتووه‌ و‌ ئەوانەى مێرمنداڵانەى کە لە سه‌رووی ١٢ ساڵیشن ٢٥%یان ژە‌می یه‌كه‌میان وه‌رگرتووه‌ و ١٩%‌شیان ژە‌می دووه‌میان وه‌رگرتووه‌.

 

ـ ئایا ئاماده‌كاریی كراوه‌ بۆ ژە‌می سێیه‌می وه‌رگرتنی ڤاكسین؟

د. سامان به‌رزنجی: به‌ڵێ بۆ ماوه‌ی مانگێك ده‌بێت به‌ گوێره‌ی پێوه‌ره‌كان ژە‌می سێیه‌می ڤاكسین ده‌درێته‌ هاووڵاتیان.

 

ـ تایبه‌تمه‌ندی و پێوه‌ره‌كان چین؟

د. سامان به‌رزنجی: ده‌بێت به‌ لایه‌نی كه‌م شه‌ش مانگ به‌سه‌ر ژە‌می دووه‌مى ڤاکسینەکە تێپه‌ڕ بووبێت. ئه‌و چین و توێژانه‌ی زیاتر مه‌ترسیی تووشبوونیان هه‌یه‌ وه‌ك كارمه‌ندانی ته‌ندروستی  و  ئه‌وانه‌ی كیشه‌ی به‌رگری له‌شیان هه‌یه‌ و‌ چه‌ند پێوه‌رێكی دیكه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی ژە‌می سێیه‌می ڤاكسینه‌كه‌ وه‌رده‌گرن، لەبەرچاو گیراوە.

 

له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی چه‌ند كه‌س ماون ڤاكسین وه‌ربگرن؟

د. سامان به‌رزنجی: ئێمه‌ پێش هه‌موو لایه‌ن و فه‌رمانگه ‌و  وه‌زاره‌تێك فه‌رمانبه‌رانی خۆمان ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ بێن و ڤاكسین وه‌ربگرن، مه‌رجیشمان دانا كه‌ یا ده‌بێت ژەمی ڤاكسین وه‌ربگرن یاخود هه‌فتانه‌ پشكنینی پی.سی.ئاڕ بهێنن، بۆیه‌ به‌ر له‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ژماره‌یه‌ك مابوون كه‌ له‌ ڕێگه‌ی تیمه‌ گه‌ڕۆكه‌كانەوە ٥٩ فه‌رمانبه‌ری دیكه‌ له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت خۆیان كوتا و تا به‌ر له‌ هاتنی سه‌ری ساڵ ته‌نیا ١١ كه‌س مابوونەوە کە ڤاكسین وه‌ربگرن، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا پێنج فه‌رمانبه‌رمان ماونەتەوە کە ڤاكسین وه‌ربگرن و ئه‌وانیش ڕێگه‌یان پێ نادرێت بێنه‌ ناو فه‌رمانبه‌ران تا پشكنینی هه‌فتانه‌ی پی.سی.ئاڕیان لا نه‌بێت، بۆیه‌ پشكنینیان هێناوه‌ و به‌ڵێنیشیان داوه‌ ئه‌وانیش بچن ژە‌مه‌ ڤاكسین وه‌ربگرن.

 

ـ ئایا كارتی ڤاكسین كه‌ بۆ هاووڵاتیان ده‌كرێت چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه‌ و چ ئاسانكارییه‌ك بۆ هاووڵاتیان ده‌كات ‌ له‌ كاتی سه‌فه‌ركردندا؟

د. سامان به‌رزنجی: ئێمه‌ زوو بیرمان له‌وه‌ كرده‌وه‌ جۆرێك له‌ كارتی ئه‌لیكترۆنی و بە سیسته‌مێكی پێشكه‌وتووی نێوده‌وڵه‌تی  و جیهانی بۆ به‌ستنه‌وه‌ به‌ هه‌موو جیهان بۆ ئەو کەسانە دروست بکەین کە دوو ژەمى ڤاكسینیان وه‌رگرتووه،‌ چونكه‌ وه‌ك مه‌رجێكی سه‌فه‌ر و له‌ كاتی وه‌رگرتنی ڤیزا و زۆر شوێنی گشتیی له‌ ئه‌ورووپا دیارى کراوە. پێشتر ئه‌و بڕوانامه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ساده‌ و له‌سه‌ر كاغه‌زێك دروست ده‌كرا كه‌ ده‌توانرا ته‌زویر بكرێت، به‌ڵام ئێمه‌ كردمانه‌ سیسته‌مێكی ئه‌لیكترۆنی كه‌ مه‌حاڵه‌ ساخته‌کردنی تێدا بكرێت و له‌ ڕێگه‌ی باركۆدێكه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی مۆبایلی زیره‌ك فایلی زانیاریی ئه‌و كه‌سه‌ت بۆ دێتە پێش چاو‌ كه‌ چ ژە‌مێكی وه‌رگرتووه‌، ته‌نانه‌ت ژماره‌ی سه‌ر ڤاكسینه‌كه‌شی تیادایه‌ كه‌ چ جۆرێكه ‌و له‌ چ ڕۆژێك و ژە‌می چه‌نده‌میه‌تی و ئه‌م سیسته‌مه‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ سیسته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ لۆگۆ و ڕێگه‌پێدان. تا ئێستا زیاتر له‌ ١٨٠ هه‌زار هاووڵاتی ئه‌و كارته‌یان بۆ دروست كراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ متمانه‌ترین ڕێگه‌ی پێدانی ڤاكسین له‌ وڵاتان كه‌ بۆمان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌م كارتی ڤاكسینه‌ وه‌كو ڤیزایه‌كی ڤاكسین به‌كار دێت و‌ ئێستا سه‌نته‌ره‌كانى دروستکردنى کارتەکە له‌ هه‌موو پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان کارى لەسەر دەکرێت و له‌ ماوه‌ی سێ بۆ چوار ڕۆژ هاووڵاتی ده‌توانێت وه‌ریبگرێته‌وه‌.

 

ـ ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر ئۆمیكرۆن هه‌یه‌ له‌ وڵاتان. ئایا ئێوه‌ تا ئێستا هیچتان بۆ ساغبووەته‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و‌ بابه‌ته‌؟

د. سامان به‌رزنجی: ئێستا ئۆمیكرۆن له‌ جیهاندا جۆرێكی نوێی هه‌ڵگه‌ڕاوی ڤایرۆسی نوێیه‌. وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان و عێراقیش ڕایانگه‌یاندووه‌ کە حاڵەتى تووشبوونیان هەیە و له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپاش بڵاو بووەته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تا له‌ باشووری ئه‌فریقیا سه‌ری هه‌ڵدا، واتا مه‌حاڵ نییه‌ بگاته‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ش و پێشبینییه‌كانیش زۆر نزیكن له‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌ لە هه‌رێمی كوردستان بڵاو ببێته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ ئه‌زموونی پێشووترمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌، بۆیه‌ چه‌ند پێوه‌رێك ڕەچاو ده‌كه‌ین به‌تایبه‌تی لە چاودێریی ئه‌وانه‌ی له‌و وڵاتانه‌ی ئۆمیكرۆنی تێدا بڵاو بووەتەوە‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و‌ ئه‌گه‌ر نیشانه‌كانی هه‌بێت یا له‌ ڕێگه‌ی پشكنینه‌وه‌ ده‌ربچێت ئه‌وا ئێمه‌ وه‌ك گومانلێكراوێك سه‌یری ده‌كه‌ین تا پشتڕاستكردنه‌وه‌ی، به‌ڵام تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی ئۆمیكرۆن له‌ هه‌رێم پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

 

ـ له‌ ڕووی پێداویستییه‌وه‌ دۆخی نه‌خۆشخانه‌كان كه‌ تایبه‌ت كراون بۆ نه‌خۆشانی كۆرۆنا چۆنه‌؟

د. سامان به‌رزنجی: هه‌ندێك پێداویستیی هه‌یه‌ كه‌ به‌ كار دێت وه‌ك ژێرخانێك هەر لە كارگه‌ی ئۆكسجینەوە بگرە تا فراوانكردنی نەخۆشخانە له‌ ڕووی بینا و دابینكردنی ئامێره‌كان، بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوجه‌یه‌كی ته‌رخان كردووه‌ بۆ هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان و نه‌خۆشخانه‌كان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بودجه‌ی فریاگوزاری ماوه‌ ماوه‌ ده‌درێت و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش زۆر لایه‌نی دیكه‌ش پاڵپشت بوونه‌، به‌ڵام لایه‌نی سه‌ره‌كی دارایی و دابینكردنی پێداویستییه‌كان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه‌.

 

ـ نوێترین ئامار چییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و‌ په‌تایه‌ و تووشبووان به‌م ڤایرۆسه لە هەرێمى کوردستان‌؟

د. سامان به‌رزنجی: سه‌باره‌ت به‌ ئاماره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان کە لە ڕێکەوتى ٢٣/١/٢٠٢٠ى زایینى ده‌ستمان به‌ ڕێكاره‌كان كرد، ئه‌و كات ته‌نها ١٧ حاڵه‌تی مردن له‌ وڵاتی چین هه‌بوو و‌ له‌ ئه‌رشیفی ڕاگه‌یاندنه‌كان هه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ یه‌كه‌مین ڕاگه‌یاندنمان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی ٥٧٠ حاڵه‌تی تووشبوو له‌ وڵاتانی چین هه‌بوو، هه‌ر ئه‌وكاته‌ ده‌ستمان به‌ ئاماده‌كارییه‌كان كرد به‌ هه‌موو قۆناغه‌كان، تا ئێستا ده‌توانم بڵێم نزیكه‌ی سێ ملیۆن و حه‌وتسه‌د هه‌زار پشكنینی پی.سی.ئاڕمان كردووه‌ كه‌ تێچوویەکى زۆرى لەسەرمان هەیە و بە ژماره‌‌ش زیاتر له‌  ٣٨١ هه‌زار تووشبووى کۆرۆنامان هه‌بووه کە‌ ڕێژە‌یه‌كی هه‌ره‌ زۆریان چاك بوونه‌ته‌وه‌ و بەشێکیشیان تا ئێستا له‌ ژێر چاودێریی پزیشكیدان له‌ نه‌خۆشخانه و به‌ داخه‌وە ٧١٢٢ هاووڵاتیش گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ و ڕۆژانه‌ ژماره‌كان ده‌گۆڕێن و ده‌خرێنه‌ سه‌ر ئاماره‌كان.

 

ـ دوایین ڕێنمایی ته‌ندروستی بۆ خۆپارێزی چییه‌؟

 د. سامان به‌رزنجی: چوار پێنج ڕێكاری جیهانیی هه‌یه‌ له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه‌ ستاندارده‌: یه‌كه‌میان دانانی ماسكە و دووەمیان لێكدووركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ لەگەڵ پاكڕاگرتنی ده‌سته‌كان و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ شوێنی قه‌ره‌باڵغ و له‌كاتی هه‌وكردنی به‌شی سه‌ره‌وه‌ی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ ده‌بێت پشكنین ئەنجام بدرێت، به‌ڵام له‌ هه‌موو ڕێكارێكی تر گرنگتر و باشتر وه‌رگرتنی ڤاكسینه‌، ئێمه‌ هه‌رشتێك له‌ به‌رژە‌وه‌ندی هاووڵاتیاندا بێت ده‌یكه‌ین و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر سه‌ركه‌وتووانه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌م ڤایرۆسه‌ بووەته‌وه‌ به‌ شایه‌دی ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ ئاستی وڵاتانی پێشكه‌وتوو و له‌ ئاستی حكومه‌تان و شانده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ تایبه‌تی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و یه‌كێتی ئه‌ورووپا و هه‌موو كونسوڵگه‌رییه‌كان كه‌ هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و ئه‌مه‌ش بۆ سه‌ركردایه‌تییه‌كی حه‌كیمانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هەر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ په‌رۆشی ته‌ندروستی هاووڵاتیان بوو‌ و به‌ ماددی و مه‌عنه‌وی پاڵپشتیی پێداویستییه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ ڕێگه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌زمه‌یه‌ك له‌ جیهاندا كه‌ ئیداره‌یه‌كی حه‌كیمانه‌ بۆ ئه‌زمه‌كان هه‌بێت.