کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان باسیان لە پشکەکانی گۆڕان کردبێت، جەختیش دەکەنەوە پێش سێ ساڵ داوایان لە پارتی کردووە لەگەڵ گۆڕان ڕێکبکەوێت.
لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە هەڵوێستی یەكێتی لەبارەی ڕێكەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزتنەوەی گۆڕانو پشكی ئەو بزوتنەوەیە لە كابینەی ئایندەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
وتەبێژی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ ئیمزاكردنی ڕێكەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دا، "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزباییو خۆشحاڵی خۆی دەمودەست ڕاگەیاندووە. ئەمڕۆیش لە كۆبونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیو پارتی دا، سەرەڕای دووپاتكردنەوەی هەمان هەڵوێست ئەوەش بیری ئامادەبوان هێنرایەوە، كە یەكێتی پێش سێ ساڵ داوای لە هەڤاڵانی پارتی كردووە، رێكەوتن لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجام بدەن".
هەروەها جەخت دەکاتەوە کە لە كۆبونەوەی ئەمڕودا لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی "داوای شەراكەتی ڕاستەقینە و ئالیەتو پێداویستیە عەمەلیەكانی جێبەجێكردنی كردووە. لەنێوانیشیاندا پشكەكانی یەكێتی لە پۆستەكاندا و هەرگیز باس لە پشكی گۆڕان نەكراوە".
سەبارەت بە پرسی دەستورو ئەو یاسایانەی كە ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە، لەتیف شێخ عومەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختیكردۆتە سەر پرەنسیپی "سازان لەنێوان هەموو لایەنەكانو پێكهاتنیان لەسەر ئەو پرسانە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای بەشداری پێكردنی لایەنەكانی تریش لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم. "