کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- بە فەرمانی وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لە پۆستەکەی دورخرایەوە و یاریدەدەرەکەی وەک سەرۆکی زانکۆ دەستنیشانکرا، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت" پێویستە دادگاو داواکاری گشتی لەو بڕیارە بێدەنگ نەبن". . بەگوێرەى نوسراوێک کە دەست (ناس کورد) کەوتووە، یوسف گۆران، وەزیری پێشووى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیاریداوە بە دورخستنەوەی پرۆفیسۆری یاریدەدەر، تەحسین عەبدولکەریم ئەمین لە پۆستی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە وەکالەت لەسەر داوای خۆی و هەروەها دانانی پرۆفیسۆری یاریدەدەر، دانا عەبدوڵا تاهیر وەکو سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە وەکالەت. . پێشتر تۆمەتێک ئاڕاستەی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە کرا لەبارەی ساختەکردنی نمرەکانی قۆناغی یەکەمی زانکۆ و دواتریش دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکە ئەنجامدا. . لە بەرامبەردا سەرکەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا، راگەیەندراوێکى لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، دەستەی دەستپاکی راست و دروستی کەیسەکەی یەکلاکردووەتەوە و سەرۆکی زانکۆ شەرعیەتی مانەوەی لە پۆستەکەی نەما و دورخراوەتەوە، بەڵام وەزیری پێشوی خوێندنی باڵا (یوسف گۆران) بە شێوەیەکی نایاسایی لەبری رەوانەکردنی کەیسەکە بۆ دادگاو لێکۆڵینەوە لێی، لە پۆستەکەی بەخشیویەتی". . بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە کوردە کە دۆسیەکە سەرەتا ئەو ئاشکرایکردووە، ئەم بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا، "ئاماژەیە کە حیزب هەوڵ دەدات پیاوەکانی خۆی بپارێزێت". . شەمسەدین، بەپێویستی زانیوە کە دادگا و داواکاری گشتی، دەستبەرداری ئەم کەیسە و کەیسەکانی تریش نەبێت، سزای سەرپێچیکاران بدات.