ناس کورد-
وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، سبەینێ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە سەبارەت بە دۆخی کۆرۆنا و پێداچوونەوە بە بڕیارەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم (دووشەممە 3-1-2022) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ماوەی چەند هەفتەیەکە ژمارەی توشبووانی رۆژانەی کۆرۆنا بەرەو دابەزین چووە، بەڵام ناتوانین بڵێین کۆرۆنا کۆتایی هاتووە و پێشبینی شەپۆلی نوێ دەکرێت."
وتیشی، "هەروەها سەرهەڵدانی گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا (ئۆمیکرۆن) پێشبینیکراوە و چاودێری دۆخەکە دەکەین تا ئەوەی ئەگەر حاڵەتێک هەبێت ئاشکرای بکەین."
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشتر هەندێک بڕیار لە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دران، بەڵام وادەی بڕیارەکان کۆتایی هاتووە، سبەینێ لیژنەکە کۆدەبێتەوە و تیایدا پێشنیازەکان دەخرێنەڕوو بۆ دەرکردنی بڕیار و ڕێنمایی دیکە."
وەزیری تەندروستیی هەرێم باسی لەوەشکرد، "تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی ئۆمیکرۆن لە هەرێم تۆمارنەکراوە، لە پەیوەندیداین لەگەڵ تەندروستیی جیهانی بۆ ئەوەی هەر حاڵەتێک هەبێت ئاشکرای بکەین."
ڕوونیشیکردەوە، داوا لە هاووڵاتیان دەکەن خۆیان بە ڤاکسینی کۆرۆنا خۆیان بکوتن، چونکە زۆرینەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە ئەوانەن کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.