ناس کورد-
بزوتنەوەى گۆڕان دەستەیەکى حەوت کەسى هەڵبژارد، بەمەبەستى ئامادەکاریکردن بۆ بەستنى کۆنفرانسى دووەمى نیشتیمانى بۆ بەخۆداچونەوە و خۆ رێکخستنەوەى بزوتنەوەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى بزوتنەوەکە دەست "ناس کورد" کەوتووە، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیماندا دەستەیەکى حەوت کەسى بە نوێنەرایەتى جڤاتەکانى نیشتیمانى و گشتى و سێ لە هەڵسوڕاوانى دیارى دەرەوەى جڤاتەکان هەڵبژێردران کە بریتین لە (هۆشیار عومەر، نزار مەحمود، هاوڕێ کاوە، دڵشاد ڕەشید، گەیلان شێخ عومەر، د. تەها حەمە عەزیز و شوان قلیاسانى).
دەقى راگەیەنراوەکە:
لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیماندا دەستەیەکى حەوت کەسى بە نوێنەرایەتى جڤاتەکانى نیشتیمانى و گشتى و سێ لە هەڵسوڕاوانى دیارى دەرەوەى جڤاتەکان هەڵبژێردران کە بریتین لە (هۆشیار عومەر، نزار مەحمود، هاوڕێ کاوە، دڵشاد ڕەشید، گەیلان شێخ عومەر، د. تەها حەمە عەزیز و شوان قلیاسانى).
ئەو دەستەیەی کە لە کۆبونەوەى ئەمڕۆدا متمانەى جڤاتى نیشتیمانیى وەرگرت لەگەڵ لیژنەى باڵاى کۆنفڕانس، دەست بە ئامادەکارى دەکەن بۆ ئەوەى لە نزیکترین کاتدا کۆنفرانسى دوەمى نیشتیمانى بۆ بەخۆداچونەوە و خۆ رێکخستنەوەى بزوتنەوەکە ببەستن.
بەپێى دەستورى رێکخراوەیى بزوتنەوەى گۆڕان
ئەرکەکانى کۆنفڕانسى نیشتیمانى خۆى دەبینێتەوە لە؛
- نوێکردنەوەى بەرنامەى سیاسى لە بوارە جیاوازەکاندا
- پێداچونەوە بە دەستورى رێکخراوەیى، هەڵسەنگاندن و دەستکاریکردنى پلاتفۆرمەکانى هەڵبژاردنەکانى پارێزگا و هەرێم و عێراقى فیدراڵ.
- هەڵسەنگاندنى ئەداى تیمەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەت و نوێنەرەکانى لە دەزگا هەڵبژێردراوەکانى؛ پارێزگا، هەرێم و عێراقى فیدراڵ.
- هەڵسەنگاندنى ئەداى جڤاتى نیشتیمانى لە چەند ساڵى رابردودا.
هەمو ئەمانەش پڕۆسەى سەرلەنوێ خۆڕیکخستنەوە و خۆنوێکردنەوەى بزوتنەوەى گۆڕانە بەتایبەت دواى ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کە بزوتنەوەى گۆڕان نەیتوانى تێیدا دەنگى پێویست بەدەستبهێنێت.