گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیرى پێشمەرگە: جموجۆڵی داعش کەمبووەتەوە

2021.12.28 - 20:27
App store icon Play store icon Play store icon
وەزیرى پێشمەرگە: جموجۆڵی داعش کەمبووەتەوە

ناس کورد-

 

وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، جموجۆڵی داعش کەمبووەتەوە لەئەنجامى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق، بۆیە پێویستە ئاستى هەماهەنگى بەرزبکەنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شۆڕش ئیسماعیل  (28ی کانونی یەکەمی 2021) لەمیانەى بەسەرکردنەوەى میحوەرەکانی ۱ی گەرمەسێر و  ۲ی (قەرەتەپە ـ حەمرین) وتى "دوای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پێشمەرگەو سوپای عیراق، جموجۆڵی تیرۆریستان لەو ناوچانە کەمبۆتەوە، ئەمەش پێویست دەکات پەیوەندی و هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ سوپای عیراق بگەینینە ئاستێکی باڵاتر"، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى پێشمەرگە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

لەدوای بڕیاری ئەنجومەنی باڵای بەرگری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دووبارە رێکخستنەوەو سەنگەرسازی هێزەکانی پێشمەرگە و دروستکردنی سەنگەری سەردەمیانەی سەربازی لەناوچەکەدا،

ئەمڕۆ ۲٨ی ۱۲ی ۲۰۲۱  شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، بە یاوەری لیوا قارەمان کەمال و لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگرانی   سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان ـ ئیدارەو میرە، بۆ ئاگاداربوون لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دووبارە رێکخستنەوەی سەنگەرەکان و دروستکردنی سەنگەری نوێ لەو شوێنانەی کە تیرۆریستانی داعش هەڵتەکێنراون و لێی پاککراونەتەوە، میحوەری (۱ی گەمەسێر)و (٢ی قەرەتەپە ـ حەمرین)یان لەسنوری گەرمیان بەسەرکردەوە.

 

لەدەستپێکی سەردانە مەیدانیەکەیدا، بەئامادەبوونی لیوا مەردان چاوشین، فەرماندەی میحوەری قەرەتەپەـ حەمرین، وەزیری پێشمەرگە لەنزیکەوە سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە گوندی کۆڵەجۆ تا دەگاتە سەید مەدرید بەسەرکردەوە، تیایدا گفتوگۆی هەمەلایەنە و بایەخداری لەگەڵ سەرجەم فەرماندەی لیواکان و ئەفسەرانی باڵای سنوری میحوەرەکە کرد.

 

لەو دیدارەدا، وەزیری پێشمەرگە، بە بایەخەوە تۆندوتۆڵکردنی زیاتری سەنگەرەکانی بەرگری و تێکشکانی تەواوەتی تیرۆریستانی لەناوچەکە شیکردەوە.

وەزیری پێشمەرگە ڕووەو فەرماندە و ئەفسەران و هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە، رایگەیاند:  کردەوە دڕندانەیەکانی ئەم دوایانەی داعش، سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی ناوچەکه ناشێوێنێت، وەک هێزی پێشمەرگەش لەڕاوەدوونانیان بەردەوام دەبین، بەوردی چاودێریان دەکەین و  وەڵاممان بۆ هەر جوڵەیەکی تیرۆستانەیان دەبێت.

 

لەوێستگەیەکی تری سەردانەکە بۆ میحوەری ۱ی گەرمەسێر،  لەمیانی بەسەرکردنەوەی سەنگەر بەسەنگەری پێشمەرگە لەسنوری گوندی قاهیرە تا دەگاتە قۆری چای و دواتر بۆ بەڵەکەی خواروو، وەزیری پێشمەرگە لە نزیکەوە ستایشی بەجێهێنانی ئەرک و فەرمانە سەربازییەکانی لەفەرماندە و جێگران و هێزە ئازاکانی پێشمەرگە کردو، بەوردی گوێی لەپێویستی و داوا و داواکارییەکانی فەرماندەی لیواکان گرت و بەڵێنی چارەسەری و دابینکردنی پێویستیەکانیانی بۆ دووپاتکردنەوە.

 

لەکۆتایی سەردانەکەیدا، وەزیری پێشمەرگه رایگەیاند: دوای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پێشمەرگەو سوپای عیراق، جموجۆڵی تیرۆریستان لەو ناوچانە کەمبۆتەوە، ئەمەش پێویست دەکات پەیوەندی و هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ سوپای عیراق بگەینینە ئاستێکی باڵاتر.

 

هاوکات بە فەرماندەو هێزە قارەمانەکانی لەو سنورە راگەیاند: کە  بەردەوام بن لەسەر پەروەردەی زیاتری هزری و جەستەیی لەرووی تەکنیکی نوێی جەنگی و بەرزکردنەوەی توانستی سەربازی و گەشەکردنی ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری گشتی،  بۆ ئەمەش فەرمانیدا کە زیاتر پابەندی دیسپلینە سەربازییەکان بن و چاوەکراوەتر و ئازایانەتر روبەڕوی تیرۆریستان ببنەوەو لەڕەگەوە هەڵیان بتەکێنن.