ناس کورد-
بەرگرى شارستانى هەولێر کۆتایی هێنا بە پڕۆسەى گەڕان بەدواى تەرمى دانەرى 10 مانگان لەو شوێنەى کە دەوترا تەرمەکەى تێدایە، بەبێ دۆزینەوەى هیچ سەرەداوێک.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرکەوت کاڕەش وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەولێر (27ی کانونی یەکەمی 2021) بە "ناس کورد" ى راگەیاند "تیمەکانمان لەبەنداوى عەوێنە ئەمڕۆ گەڕاون بەدواى تەرمەکەدا، بەڵام هیچ ئەنجامێکى نەبووە".
وتیشى "سبەینێ تیمەکان لە شوێنى دیکە بەدواى تەرمەکەدا دەگەڕێن".
رۆژى یەکشەممە کەسێک کە بانگەشەى ئەوەیکرد بە ئامێرێکى ئەلیکترۆنى شوێنى تەرمەکەى دیاریکردووە لە بەنداوی عەوێنەی دەشتی شەمامک. ئەوەش دواى 10 رۆژ لە بێسەروشوێنبوونى ئەو منداڵە بەهۆى لافاوەکەى هەولێرەوە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە تیمى گەڕان بەدواى تەرمى ئەو منداڵە لەبەرگرى شارستانى هەولێر (26 كانونى یەکەمى 2021) بۆ "ناس کورد" وتى "لەلایەن کەسێکەوە ئاگادارکراوینەتەوە لە دیاریکردنى شوێنى تەرمەکە لە رێگەى ئامێرێکەوە کە گوایە لە بەنداوی عەوێنەی دەشتی شەمامکە".