ناس کورد-
مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق 13 فەرمان و رێنمایی ئاڕاستەى هێزە ئەمنى و چەکدارەکان کرد و جەختیکردەوە 2022 ساڵى کۆتایی هێنان دەبێت بەسەرجەم مۆڵگەکانى تیرۆر لەسەرتاسەرى عێراق.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى سەرۆکوەزیران ( 27ی کانونی یەکەمی 2021) کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، کازمى لەمیانەى بەشداریکردنى لە کۆنگرەى ساڵانەى فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان ئاماژەى بەوەکردووە، هێزە ئەمنییەکان پێکەوە کاریان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و دابینکردنى سەقامگیریی و ئەرکى سەرەکیان پاراستنى سنور و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و پاراستنى ئاسایشى عێراق و هاوڵاتییانە.
کازمى لە کۆنگرەدا 13 رێنمایی و فەرمانى ئاڕاستەى هێزەکان کردووە کە بەشێکیان بریتین لە، پێویستى هاریکارى بەردەوامى وەزارەتە ئەمنییەکان و هەواڵگرى، بەرەنگاربوونەوەى چەکى بەرەڵا.
هەر بەپێی فەرمانەکان، هێزەکان دەبێت هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ بنەبڕکردنى تیرۆر و داعش، بەرەنگاربوونەوەى تاوانى رێکخراو، کارکردن لەسەر گەڕانەوەى ئاوارەکان، کارکردن بە رێککەوتنى شەنگال، مەشق و راهێنانى یەکە شەڕکەرەکان، دانانى کەسى شیاو لە شوێنى شیاو، پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا، رێگەنەدان بە کاریگەرى ناکۆکى و گرفتى سیاسی لەسەر کاروبارى هێزەکان.