ناس کورد-
لە ڕووداوێکی هەست بزوێندا، ئەمڕۆ لە قەزای کۆیە کاتێک کەسوکاری گەنجێکی کۆچبەر پرسەیان بۆ کوڕەکەیان دانا، بەڵام لەکاتی پرسەکەدا کوڕەکەیان پەیوەندی پێوەکردوون و هەواڵی زیندووبوونی خۆی پێداون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەدوای بڵابوونەوەی هەواڵی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە دەریای ئیجە وهاتنەوەی تەرمی بەشێکیان، ئەمڕۆ بەشێک لە کەسوکاری ئەو کۆچبەران پرسەیان بۆ کەسوکارەکانیان دانا، بەڵام یەکێک لەو کۆچبەرانە لەکاتی پرسەکەی خۆیدا نامە بۆ برایەکی دەنێرێت و هەواڵی زیندووبوونی خۆی پێدەدات.
برای ئەو کۆچبەرە کە خەڵکی قەزای کۆیەیە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "براکەم لەگەڵ ماڵێکی دیکەی خزمی خۆمان لە بەلەمەکەدا بوون، ئەو خێزانە کوڕێکیان ڕزگار بووە و ئەو پێی وتین کە سەرجەمیان نقوم بوون و ڕزگاریان نەبووە، بۆیە ئێمەش ئەمڕۆ پرسەمان دانا."
وتیشی، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ کە ئێمە پرسەمان دانابوو، هەژاری برام نامەی ناردووە بۆمان و دەڵێت، زیندوم لە نەخۆشخانەیەکی یۆنانم و فریامکەون."
ئاماژەی بەوەشکرد، "کەسێکی دیکەی کوردیش هەر پەیوەندی بە ناسیاوێکی خۆیەوە کردووە و وتویەتی خێزانێکی کوردم لەگەڵە کە ڕزگاریان بووە و ناوی براکەی منیش داوە"، واتە پێدەچێت جگە لەو گەنجە ڕزگاربووی دیکەش هەبن کە هەواڵی مردنیان بڵاوکراوەتەوە.