ناس کورد-
باوکی ئەو قوتابیەی کە لە سلێمانی لەلایەن چەند کەسێکی چەکدارەوە هێرشیان کرایەسەر لەسەر ڕووداوەکە ڕایگەیاند، سکاڵای لەسەر ئەو ئافرەتە تۆمارکردووە کە کێشەکەی دروست کردووە و دەشڵێت، کوڕەکەی لەڕووی دەروونییەوە تێکچووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هێرشی چەند کەسێکی چەکدار بۆسەر کوڕ و باوکێک لە قوتابخانەیەک لەشاری سلێمانی کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و بەوتەی ئاسایشی سلێمانی چەکدارەکان دەستگیرکراون.
باوکی قوتابییەکە کە لەگەڵ کوڕەکەیدا هێرشیان کرایەسەر (شەممە 25ی کانونی یەکەمی 2021) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەوەی کە ڕوویدا لەنێوان کوڕەکەی من و کوڕێکی دیکەدا بووە، منیش چووم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و قسەم لەگەڵ دایکی خوێندکارەکەی دیکە کرد، بەڵام دایکی قوتابییەکە وتی ئێمە بە عەشایەری کێشەکە چارەسەر دەکەین، من قوتابخانەکەم جێهێشت و دواتر دیسان پەیوەندییان پێوەکردمەوە و چومەوە."
وتیشی، "کە بۆ جاری دووەم گەڕامەوە هێزێکی چەکدار لە دەرەوە بوون و چوومە ژوورەوە کەسێک بە جلوبەرگی سەربازییەوە دانیشتبوو، هەندێک قسەی پێ وتم و ویستم هەستم بڕۆم، بەڵام هەستا لێیدام، دواتر چەکدارەکانی دیکە هاتنە ژوورەوە و ئەوانیش لێیان داین."
ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆر ئازارم پێگەیشت بەهۆی لێدانەکانەوە، دواتر بەڕێوەبەر پەیوەندی بە پۆلیسەوە کرد، بەڵام تا پۆلیس هات ئەوان ڕۆشتبوون."
ئەوەشی خستەڕوو، "من نازانم ئەو هێزە بۆچی هاتن و چ پەیوەندییەک لەنێوان ئەوان و ئەو ئافرەتەدا هەیە، من سکاڵام تۆمارکردووە و داوای مافی خۆم دەکەم بەتایبەت لەو ئافرەتە، چونکە بنچینەی کێشەکە ئەو ئافرەتە بوو."
باسی لەوەشکرد، "کوڕەکەی من تەمەنی ١٧ ساڵە و منداڵە، بەهۆی ئەو ڕووداوەوە باری دەروونی تێکچووە و زۆر ترساوە، بۆیە من داوای مافی خۆم دەکەم لە تەواوی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و پارێزگای سلێمانی."