ناس کورد-
کەشناسێکی کورد پێشبینی دەکات لە هەفتەی یەکەمی ساڵی نوێدا شەپۆلێکی حەوت ڕۆژەی باران و بەفر بارینی بەهێز هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و پلەکانی گەرمیش بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی (هەینی 24ی کانونی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "لەسەرەتای مانگی داهاتوودا بەتایبەت لەمەودای رۆژانی 1 - 1 بۆ 7 - 1 - 2022، پێشبینی ھاتنی شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین و بەفربارین بە ئاراستەی ناوچەکە دەکەین و لەگەڵ کاریگەری بارستە ھەوایەکی تارادەیەک ساردیشدا بەفر لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەبارێتەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " بارانی ئەمجارە زیاتر پێشبینی دەکرێت بارانێکی لەسەرخۆ و زستانەی بەرفراوان بێت بەسەر ناوچەکەدا و جیاواز لە شەپۆلی ڕابردوو کە خۆی لەبارانی بەخوڕ و ھەورە تریشقەدا بینیەوە لە ئەنجامدا لەھەندێ ناوچەدا بڕی چاوەروانکراو باران نەباری و لەھەندێ ناوچەشدا بووە ھۆی دروستبوونی لافاو و کارەساتی سروشتی لێکەوتەوە."
جەخیشیکردووەتەوە، " ئەم شەپۆلەیان پشت بە خوا بارانی زۆر باش و بەسودی لێ دەباریت لەناوچەکەدا لەگەڵ بارینی بەفرێکی باشیش لەناوچە شاخاوییەکاندا."