ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو چەکدارانەی لە قوتابخانەیەک ھێرشیان کردە سەر خۆێندکارێک و باوکی دەستگیرکران.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاسایشی سلێمانی (هەینی 24ی کانونی یەکەمی 2021) ڕایگەیاندم "سەبارەت بە بڵاوبوونەوی گرتە ڤیدیۆیەک کە چەند چەکدارێک لە یەکێک لە خوێندنگاکانی شاری سلێمانی لە خوێندکارێک و باوکی دەدەن، دەستبەجێ دەستمان کرد بە لێکۆڵینەوە و بە دواداچوون."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " پاش دەستنیشان کردنیان تۆمەتبارەکان بە ناوەکانی ( ت ح ح ٫ ئ ف ع ، ر ا م ، ب ا ج ، ئ ش ع ) لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکران و لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە بە پێی ماددەی 413 لەیاسای سزادان ڕاگیران و بەپێی تایبەتمەندی رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی 3 کران."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ھێزەكانمان ھەموو ھەوڵێك دەدەن لەپێناو بنبڕكردنی ئەو دیاردانە و لەكەسیش قبوڵ ناكرێت ئارامی شار بەجۆرێك لەجۆرەكان تێكبدات."
هاوکات لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی (هەینی 24ی کانونی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "دوێنێ حاڵەتێکی نەخوازراو لە یەکێک لە قوتابخانەکان ڕوویدا، ئەو قوتابخانەیەی ئەو حاڵەتەی تێدا ڕوویداوە سەر بە حکومەتی ناوەندە و قوتابخانەیەکی ناحکومییە لە ڕووی دارایی و یاسایی و کارگێڕییەوە هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە بە ناوی قوتابخانەکانی العالمية المتحدة (مدارس العالمية المتحدة)."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " کێشەی دوو قوتابی ھەبووە لەو قوتابخانەیە کارگێڕی قوتابخانەکە کەسوکاریان بانگ کردوون، یەکێک لە خوێندکارەکان دایکی لەگەڵیدا ھاتووەو ووتویەتی چاوەڕێم براکەم بێت، بەداخەوە کاتێک براکانی ھاتوون ئەم حاڵەتە چەکدارانە بووە و ئەو دیمەنە ناشایستە و ناپەروەردەییانە ڕوویدا."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، " ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئیدانەی ئەم کارە دەکەین و ھەموو ھاوکاریەک دەکەین بۆ بە سزادانی ئەوانەی کە دەست درێژیان کردۆتە سەر ئەو ناوەندەی خوێندنەوە ھیوادارین ھەموو دامودەزگاکان بە تایبەت فەرماندە سەربازییەکان ڕێ لەم دیاردانە بگرن کە چەک بۆ بەرگریکردن لە خاک و ئەمن و ئاسایشە نەک بۆ تۆڵەکردنەوەی کەسی."
زیاتر بخوێنەرەوە: زانیاریی نوێ لەبارەی هێرشی هێزە چەکدارەکە لە قوتابخانەکەی سلێمانی ئاشکرا کرا
باسی لەوەشکردووە، " خۆشتان دەزانن لە ئێستادا یاسای وەزارەتی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان لە ھەموارکردنەوەدایە داواکارین لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەم جۆرە دیاردانە یاسای تایبەت دەربکات بۆ پاراستنی ماف و گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران و پیرۆزی ناوەندەکانی خوێندن ھەر کەسێک ھەر لایەنێک لە چ ئاستێکدا بێت نابێت بەو شێوەیە ھەڵسوکەوت بکات وە سزای دادپەروەرانە دابنێت بۆ ئەو کەسانەی لەو شێوەیەن."
جەختیشیکردووەتەوە، "داواکارین دام ودەزگاکان هەستن بە کاری خۆیان و دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە تا بە سزای خۆیان بگەن و دڵنیایی مامۆستایان و کارمەندانی بەڕێز و خوێندکاران دەکەین ئێمە ھەمیشە بەرگریان لێدەکەین وە پشت و پەنایان دەبین وە ڕێگە نادەین ھیچ کەسێک دەست درێژی لەو جۆرە بکاتە سەر ناوەندەکانی خوێندن."