ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە زیاتر لە سێ ملیۆن دیناری ساختەی پێبووە و ویستویەتی لەناوی شاری سلێمانی ساغی بکاتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا (پێنجشەممە 23ی کانونی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "لەدرێژەی کارو چالاکییەکانی ھێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانیدا ، بەمەبەستی پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان و ڕێگریکردن لە ھێنان و خستنە بازاڕی ھەر جۆرە دراوێکی ساختە ، کەدەبێتە ھۆی زیان گەیاندن بە ئابووری ھەرێمەکەمان، پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکیان بە ناوی ( أ ، م ، س ) دەستگیر کردووە کە بڕی سێ ملیۆن و 20 هەزار دیناری عێراقیی ساختەی پێبووە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پارەکە لە جۆرەکانی 25 هەزاری و 10 هەزاری بووە و دەستی بەسەردا گیراوە کە تۆمەتبارەکە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارە ساختەی ھێناوەتە ناوشاری سلێمانی بەمەبەستی ساغکردنەوەی."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی ( ٢٨١ ) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە ."