گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ئیتر تەواو’’

فازڵ نەبی هۆشداری دەدات: ئەمە کۆتا مانگی ناردنی 200 ملیارەکە بوو

2021.12.22 - 08:59
App store icon Play store icon Play store icon
فازڵ نەبی هۆشداری دەدات: ئەمە کۆتا مانگی ناردنی 200 ملیارەکە بوو

ناس كورد-

فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی عیراقی فیدراڵ کە کوردە دەڵێت، "ئەمە کۆتا مانگی ناردنی 200 ملیارەکە بوو هەتا ئێستا، ته‌واو بەغدا 200 ملیارەکەیان ڕاگرتووه‌، هەرچەندە من حه‌زناكه‌م خه‌ڵك بێ ئومێد بكه‌م، جابۆیه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌ر خه‌می خۆیشی نه‌خوات خه‌می ئه‌و خه‌ڵكه‌ ڕه‌ش و ڕووته‌ بخوات و جووڵه‌یه‌كی جددی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بكات".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

پڕۆفیسۆر د.فازڵ نەبی کە هاوکات پڕۆفیسۆرە و هەڵگری بڕوانامەی ئابورییە لەزانستی ئابوری بەشی ژمێریاری بە دەنگی ئەمریکای وتووە، “ئه‌و 200 ملیاره‌ بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكیش لێی تێك نه‌چێت و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌و ڕاستیه‌ بزانێت پێشینەکە (دوو سەد ملیارەکە)‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو هه‌تا ئه‌وكاته‌ی ده‌گه‌نه‌ ئه‌نجامێك ئینجا دواتر ته‌سویه‌ی سلفه‌كان ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ له‌ڕووی ژمێریارییه‌وه‌ وایه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام واته‌ له‌و ماوه‌یه‌دا من زۆریش قسه‌مكرد كه‌ پێویست ده‌كات بگه‌نه‌ ده‌رئه‌نجامێك چونكه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ ده‌كرێت ته‌گه‌ره‌ی تێبكه‌وێت به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئێستا حكومه‌تی عێراق پێشینه‌كه‌ی بڕی ، ئه‌وه‌ مانگی دوانزه‌یه‌ و حكومه‌تی عێراق حساباتی خیتامی خۆی له‌ 25 ی مانگ داده‌خات. “

 


بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقی زیاتر ڕونیکردەوە “بەغدا بۆ نەناردنی دوو سەد ملیارەکە دوو بیانویان به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرتووە، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ نه‌گه‌یشتینه‌ ئه‌نجام ناتوانیین له‌وه‌ زیاتر پێشینه‌ بده‌ین، دووه‌میان ده‌ڵێن (ئێمه‌ سه‌رقاڵی ته‌سویه‌كردنی حاساباتی خۆمانیین و حاساباتی خۆمان ده‌داخه‌ین، ئه‌وه‌ی دووه‌میان وانیه‌ من ده‌ ساڵ بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی بووم له‌ به‌غدا، ئێمه‌ له‌ 25 ی 12 حساباتمان داده‌خست واته‌ هێشتا چه‌ند ڕۆژێك ماوه‌ بۆ داخستنی حسابات.“

 

“من دوو هه‌فته‌ش پێش ئێستا داوام له‌ حكومه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ به‌زووترین كات بگه‌نه‌ بارودۆخی خۆیان چونكه‌ له‌ 25 ی مانگ عێراق حسابات داده‌خات ئه‌و كاته‌ هیچیان بۆ سه‌رف ناكه‌ن ئه‌وان له‌ 2021 ته‌نها له‌ چوار مانگیان 200 ملیاریان بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناردووه‌ هی ئه‌و دوو مانگه‌ی نه‌ناردووه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ زووترین كات وه‌فدێك بنێرێته‌ به‌غداد، یان په‌یوه‌ندی زۆر چڕوپڕ بكه‌ن ته‌نها چوار ڕۆژیان له‌به‌رده‌م ماوه‌ ئه‌گه‌رنا دواتر عێراق حساباتی خۆی داده‌خات ناتوانن ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رف بكه‌ن، به‌ڵام له‌ڕووه‌ یاساییه‌كه‌ی مادا‌م بودجه‌ 2022 ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ندی نه‌كردووه‌ و ئێمه‌ ئێستا ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانمان نییه‌ له‌ عێراق له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كاته‌كه‌ی ته‌واو بووه‌. “د.فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق وایوت“

 

د. فازڵ نەبی دەشڵێت“ له‌ڕووی یاسایی ده‌كرێت هه‌رێمی كوردستان وه‌فدێكی زانستی بنێرێته‌ به‌غداد بۆئه‌وه‌ی گفتوگۆیان له‌سه‌ر بكه‌ن هه‌ر له‌سه‌ر مادده‌ی 11 ی 2021 بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك بۆئه‌وه‌ی گەرەنتی به‌رده‌وامی ئینجا 200 ملیاره‌ یان تۆزێك كه‌متره‌ تۆزێك زیاتره‌ ئه‌وه‌ بابه‌تێكی تره،‌ به‌ڵام پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ وه‌فدێكی زانا، چونکە ئێمه‌ كێشه‌ی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ كاتێك كه‌ خه‌ڵكێك ده‌نێرین خه‌ڵكێكی پسپۆڕ نیین نازانن چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ر بكه‌ن پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ وه‌فدێكی پرۆفیشناڵ بنێرنه‌ به‌غداد بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ر مادده‌ی 11 ی له‌ یاسای بودجه‌ی 2021 ڕێكبه‌كه‌ون هه‌تا زه‌مانی به‌رده‌وامی ئه‌و پاره‌یه‌ بكه‌ن مانگانه‌ هه‌تا ئه‌وكاته‌ی بودجه‌ی 2021 له‌عێراق په‌سه‌ند ده‌كرێت. “

 

د.فازڵ نەبی زیاتر وتی“ به‌داخه‌وه‌ ئێستا ته‌گه‌ره‌ی تێكه‌وتووه‌ مانگی 11 و 12 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ نه‌گه‌نه‌ خۆیان، ئیشكالیان بۆ دروست ده‌بێت ڕاسته‌ وه‌زیری دارایی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ چونكه‌ نه‌ بریكاری وه‌زیری دارایی نه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ژمێریاری هه‌ردووكیان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان نامێنێت كه‌ هیچ پاره‌یه‌ك سه‌رف بكه‌ن نه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ڵكو عێراقیش له‌ 25ی مانگ به‌دواوه‌ به‌ڵام وه‌زیری دارایی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ كه‌ له‌ 25ی مانگ هه‌تا 30 بتوانێت پاره‌ سه‌رف بكات بۆیه‌ ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان ئه‌و هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌، كه‌ وه‌فدێكی پرۆفیشناڵ بنێرنه‌ به‌غداد بۆئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌داخه‌وه‌ وه‌زیری دارایی نه‌فه‌سی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نییه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌مجاره‌وه‌ ئه‌وه‌ دژی ناردنی ئه‌و 200 ملیاره‌ بووه‌.“

 

د.فازڵ نەبی وتی، “ئێستا ته‌واو 200 ملیارەکەیان ڕاگرتووه‌ به‌داخه‌وه‌ ڕاوه‌وستاوه‌، هەرچەندە من حه‌زناكه‌م خه‌ڵك بێ ئومێد بكه‌م به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا وه‌ستاوه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تائێستا مووچه‌ی مانگی 11 ی به‌ته‌واوه‌تی نه‌داوه‌ جابۆیه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر خه‌می خۆیشی نه‌خوات خه‌می ئه‌و خه‌ڵكه‌ ڕه‌ش و ڕووته‌ی هه‌رێمی كوردستان بخوات و جووڵه‌یه‌كی جددی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بكات.“

 

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئه‌مه‌ كۆتا مانگ بوو، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق وتی، "به‌ڵێ به‌داخه‌وه‌ هه‌تا ئه‌م ساته‌ وایه‌ كه‌ كۆتا مانگ بێت به‌ڵام له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ نه‌خێر."

 

“ئەگەر هەمان وەفدی پێشوو بچنەوە بەغداد ئەوە ئه‌وه‌ ڕووده‌دات كه‌ ئێستا ڕوویداوه‌ كه‌ 200 ملیاره‌كه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ و هیچ پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان نایه‌ت“.