ناس کورد-
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندی بە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمەوە کرد و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی زیانەکانی کارەساتی لافاوەکەی هەولێریان تاوتوێ کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمی حکومەتی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 17ی کانونی یەکەمی 2021، مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مستەفا کازمی پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا "سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ گیان لە دەستدانی قوربانیانی ئەمڕۆی لافاوی هەولێر دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست."
دەشڵێت، "گفتوگۆ دەربارەی ئەو ڕێکارانە کرا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتوویەتەبەر بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە. سەرۆک وەزیرانی فیدرال، دڵنیاییدا کە حکومەتی فیدرالی، هەر ڕێکارێکی پێویست بێت ئەنجامی دەدات بۆ هاوکاریکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیانەکانی کارەساتی لافاوەکە."
هەروەها جەخت "لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدرالی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا کرایەوە، لە پێناو دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی و بەرژەوەندیی گشت پێکهاتەکانی عێراق."