گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

ڕێواز فایەق: ناکرێت فراوانکردنی شار بەشێوەیەکی ھەڕەمەکییانە بێت

2021.12.17 - 13:01
App store icon Play store icon Play store icon
ڕێواز فایەق: ناکرێت فراوانکردنی شار بەشێوەیەکی ھەڕەمەکییانە بێت

ناس کورد-

ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ناکرێت فراوانکردن و گەورەکردنی شار بەشێوەیەکی ھەڕەمەکییانە ببێتە مایەی تێکچوون و شێواندنی تۆبۆگرافیای شارێکی دێرین و تەمەن ھەزاران ساڵ و گۆڕینی ئاڕاستە و ڕێڕەوەکانی ئاو تێیدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕێواز فایەق لە پەیامێکیدا (17ی کانونی یەکەمی 2021) دەڵێت، "زۆر بەداخەوە کە شەوی ڕابردوو، بەھۆی بەرزیی ڕێژەی بارانبارینەوە چەند گەڕەکێکی شاری ھەولێر ژێرئاو کەوتن و زەرەر و زیانێکی زۆری گیانی و مادی بەر خەڵکی ئەم گەڕەکە ھەژارنشینانە کەوت."


دەشڵێت، "لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان، وێڕِای نیگەرانی و ھاوخەمیی خۆمان بۆ ئەم ڕووداوە دڵھەژێنانە و هاوبەشیی خەمی کەسوکاری قوربانیان، لێژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان ڕادەسپێرین کە بە زووترین کات بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە و دووبارە و چەندبارەیە بکەن، کە بووەتە مایەی ھەڕەشەی گیانی و ماڵی بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر لەگەڵ ھەر بارانبارینێکدا، ھاوکات پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونێکی جدی بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە بکەن لە ڕەگ و ڕیشەوە، بە تایبەت کە ناکرێت فراوانکردن و گەورەکردنی شار بەشێوەیەکی ھەڕەمەکییانە ببێتە مایەی تێکچوون و شێواندنی تۆبۆگرافیای شارێکی دێرین و تەمەن ھەزاران ساڵ و گۆڕینی ئاڕاستە و ڕێڕەوەکانی ئاو تێیدا."

 

دەشڵێت، "بۆیە پێویستە ئەوەی ئێستا لە ئارادایە سنوورێکی بۆ دابنرێت و ڕابگیرێت و لە خزمەتی گەشەکردنی شار و ژێرخانی کەرتە خزمەتگوزارییەکان ئاراستە بکرێت و کەسانێکی شارەزای دوور لە بەرژەوەندی و بە ویژدانەوە پیشەییانە پلانی گەشەکردنی بیناسازیی شار دابنێن، بەجۆرێك ئارامی و دڵنیایی بە هەموو چین و توێژەکان ببەخشێت نەك گەڕەکە هەژارنشینەکان دوودڵ بن لەوەی نزا بکەن تەنانەت خوای گەورە بە ڕەحمەتی باران بەسەریان بکاتەوە."