ناس کورد-
لیژنەی باڵای بایۆمەتری لەبارەی دابەشكردنی موچەش بە شێوازێكی ئەلیكترۆنی و گونجاو بڕیار دا لەسەر بنەمای داتاكانی بایۆمەتری كار بۆ ڕێكخستنی سیستمێكی ئەلیكترۆنی بكرێت كە مووچەی پێ دابەش بكرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لیژنەی باڵای بایۆمەتری بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبووەوە، بۆ تاوتوێكردنی چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی كارەكانی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، وەك چۆن ئێستا فەرمانبەرانی كەرتی شارستانی حكومەت خاوەنی ژمارەی بێهاوتای كەسین، دەبێت كاریش بۆ كەرتی سەربازیی و مووچەخۆرانی تر بكرێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی هەمان ژمارە كە ژمارەیەكی تایبەتە بە هەر مووچەخۆرێك، هاوكاریش دەبێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە مووچەخۆران كە یەكێكیان كردنەوەی هەژماری بانكییە بۆ ئەوەی دابەشكردنی مووچە بە ئەلیكترۆنی بكرێت.
دەشڵێت، "لە بارەی دابەشكردنی مووچەش بە شێوازێكی ئەلیكترۆنی و گونجاو بڕیاردرا، لەسەر بنەمای داتاكانی بایۆمەتری كار بۆ ڕێكخستنی سیستمێكی ئەلیكترۆنی بكرێت كە مووچەی پێ دابەش بكرێت، بڕیاریشدرا ئەندامانی سەندیكای پارێزەرانیش تۆمار بكرێن و دواتر سەندیكا و چین و توێژەكانی تریش كار بۆ تۆمار كردنیان بكرێت."
"لە ئێستاشدا لیژنەی باڵای بایۆمەتری لە جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمیدایە كە ئەركە سەرەكییەكانی دروستكردنی ژمارەی بێهاوتای كەسی و ڕێكخستنەوەی پەیكەری حكومەتی هەرێم و دابەشكردنەوەی میلاكاتە بەسەر دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بە شێوەیەكی زانستیانەتر و دابەشكردنی مووچە بە سیستمێكی ئەلیكترۆنی و نەهێشتنی ڕۆتین."