گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

جێگری سەرۆك كۆمار بۆ ئەلعەزم

بۆرسەی پۆستە سیادییەكان: حەلبوسی چانسی بەهێز بووەتەوە 

2021.12.15 - 13:41
App store icon Play store icon Play store icon
بۆرسەی پۆستە سیادییەكان: حەلبوسی چانسی بەهێز بووەتەوە 

ناس كورد_ 

هاوپەیمانییەكانی تەقەدومی حەلبوسی و ئەلعەزمی خەمیس خەنجەر ڕێككەوتن شاندی دانوستانكاری هاوبەش دروست بكەن و سەرچاوەكانیش باس لەوە دەكەن حەلبوسی چانسی بەهێز بووەتەوە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكەی. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ئەلعەرەبی چاپی لەندەن (15ی كانونی یەكەمی 2021) كە "ناس كورد" بینیویەتی هەرچەندە كۆبوونەوەی دوێنێ ئێوارەی هەردوو هاوپەیمانییە سوننەكە نەگەیشتووەتە ئەنجامی یەكلاكەرەوە، بەڵام بەربەستی نێوان هەردوولای شكاندووە. 

 

بەگوێرەی سەرچاوەكانی رۆژنامەكە خەنجەر پەیامێكی ناردووە بۆ "هەڵۆ" كانی هاوپەیمانییەكەی كە دژی نوێكردنەوەی پۆستەكەی حەلبوسین لەوانەش مەحمود مەشهەدانی، خالید عوبەیدی، ئەحمەد جبوری، لە ئێستاشدا گرژییەكانی رابردوو لە نێوان خەنجەر و حەلبوسی فەرامۆش كراوە. 

 

پێشتر هەندێ لێكدانەوە ئاماژەیان بەوەكرد مالیكی لە رێگەی نزیكبوونەوە لە خەنجەر دەیەوێت رێگە بگرێت لە پشتیوانیكردنی متمانە بەخشینەوە بە حەلبوسی، بەڵام كۆبوونەوە هاوبەشەكەی هەردوو جەمسەرە سوننەكە بەو ئاراستەیەدا نەبووە. 

 

بەگوێرەی هەندێك لێكگەیشتنی بەرایی نێوان هەردوولا، ئەگەر زۆرە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ تەقەدومی حەلبوسی و جێگری سەرۆك كۆماریش بۆ ئەلعەزمی خەمیس خەنجەر دەبێت لە خولی داهاتووی پەرلەمان.

 

هەردوو هاوپەیمانێتی تەقەدومی حەلبوسی و ئەلعەزم بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر لەبارەی كۆمەڵێك پرس ڕێككەوتن و بڕیاریاندا شاندێكی دانوستانكاری هاوبەش دروست بكەن و هەفتانەش لە بەغدا كۆ ببنەوە.   

 

بەیاننامەیەكی هاوبەشی هاوپەیمانییەكانی تەقەدوم (37 كورسی) و ئەلعەزم (32 كورسی) كە نوێنەرانی عەرەبی سوننە لەخۆدەگرن لەپاش كۆبوونەوەی بەرفراوانی هەردوولا لە بەغدا (14ی كانونی یەكەمی 2021) بڵاوكراوەتەوە، ئەوە ڕادەگەیەنێت جگە لە پێكهێنانی شاندی دانوستانكاری هاوبەش هەردوولا بەشێوەی بەردەوام هەفتانە كۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆی پرسە سیاسییەكان.   

  

هەردوو هاوپەیمانییە سەرەكییەكەی سوننە داوای پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت دەكەن بەگوێرەی وادە دەستورییەكان و ئەوەش ڕادەگەیەنن لەبارەی كۆمەڵێك پرس و بابەت رێككەوتوون لەوانەش: ئامادەكردنی پەیپەرێكی سیاسی هاوبەش و جەختكردنەوە لە هاوبەشی بڕیار و حوكمڕانی نەك تەنها بەشداریكردن لە حكومەتی ئایندە.  

  

لەچەند ڕۆژی پێشوودا کورسییەکانی هاوپەیمانی عەزم لە 14 کورسی بەرزبوویەوە بۆ 32 کورسی لە پەرلەمان و بەم پێیەش نەخشەی سیاسی عەرەبی سوننە بۆ خوولی پێنجەم گۆڕانی بەسەردا هات.  

  

لە ئێستادا تەنیا دوو جەمسەر نوێنەرایەتی شارەكانی سوننە دەكەن كە بریتین لە: هاوپەیمانی تەقەدومی، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان کە بە 37 کورسییەوە یەکەمی سوننەکان، لەگەڵ هاوپەیمانی عەزمی خەمیس خەنجەر، کە ئێستا 32 كورسی هەیە و باس لەوە دەكەن لەم رۆژانە دەبنە 34 كورسی ئەویش پاش ئەوەی لیستەکانی ئەبومازن لە سەلاحەدین، عەرەبی کەرکوک، هەندێ پەرلەمانتاری ئەلعەقدی فالح فەییاز و کوتلەی حەسم چوونە رێزەکانییەوە