ناس کورد-
ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمان دوو هۆکارى دیاریکرد بۆ دواکەوتنى دابەشکردنى موچە کە یەکێکیان پەیوەندى بە ناکۆکی سیاسی پارتى و یەکێتى یەوە هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند "دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە نەبوونی پارەوە نیە، بەڵکو دواخستنی مووچە تەنها دوو هۆکاری هەیە: ناکۆکی سیاسی هەردوو حزبی دەسەڵات کە بووەتە هۆی دەستبەسەراگرتنی بەشێکی زۆر لە داهاتی سلێمانی لەلایەن یەکێتیو لە بەرانبەردا پارتیش دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە داهاتی هەولێرو دهۆکدا گرتووەو نایگەڕێننەوە خەزێنەی گشتی".
دەشڵێت "هۆکارى دووەم ئەوەیە ئەیانەوێت مووچەی مووچەخۆران ببەستنەوە بەو دوو سەد ملیارەی لە بەغداوە دێت، بۆ ئەوەی بە بەغدا بڵێن ئێمە ئەو مووچەیە بۆ مووچەخۆران خەرج دەکەین".
دەقى راگەیەنروەکە:
حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارەکانی، چەندینجار بەڵێنیان بە مووچەخۆرانو فەرمانبەراندا کە لە ٢٥ی هەموو مانگێک دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکەن و لە یەکی مانگ کۆتایی پێ دێنن، وا بۆ چوار مانگ دەچێت حکومەت ناتوانێت ئەم بەڵێنانەی بباتە سەر، لەم مانگەشدا عەیبەکەیان باشتر دەرکەوت کە ئەمرۆ پانزە ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر مووچەی مانگی یانزەو هێشتا مووچەی پێنج وەزارەتو خانەنیشنینان دابەش نەکراوە!
بەپێی بەدواداچوونی من، دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە نەبوونی پارەوە نیە، بەڵکو دواخستنی مووچە تەنها دوو هۆکاری هەیە:
١ـ ناکۆکی سیاسی هەردوو حزبی دەسەڵات کە بووەتە هۆی دەستبەسەراگرتنی بەشێکی زۆر لە داهاتی سلێمانی لەلایەن یەکێتیو لە بەرانبەردا پارتیش دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە داهاتی هەولێرو دهۆکدا گرتووەو نایگەڕێننەوە خەزێنەی گشتی.
٢ـ ئەیانەوێت مووچەی مووچەخۆران ببەستنەوە بەو دوو سەد ملیارەی لە بەغداوە دێت، بۆ ئەوەی بە بەغدا بڵێن ئێمە ئەو مووچەیە بۆ مووچەخۆران خەرج دەکەین، وەک ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراقدا بۆ ساڵی ٢٠٢١ هاتووە، لە کاتێکدا داهاتی نەوتو داهاتەکانی گومرگو باجو ڕسومات لە کوردستان بەتەواوەتی بەشی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکەن و هیچ پێویست نیە فەرمانبەران برسی بکرێن بەهۆی نەناردنی دوو سەد ملیارەکە یانە دواکەوتنی.
عومەر گوڵپی
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان
١٥ی ١٢ی ٢٠٢١