گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

120 هەزار دینار

بانکى ناوەندى لەسەر دابەزاندنى نرخى دۆلار هەڵوێستى خۆى ئاشکراکرد

2021.12.14 - 20:13
App store icon Play store icon Play store icon
بانکى ناوەندى لەسەر دابەزاندنى نرخى دۆلار هەڵوێستى خۆى ئاشکراکرد

ناس کورد-

 

بانکى ناوەندى عێراق هۆشداریدا لە دابەزاندنەوەى نرخى دۆلار بەرانبەر دینار و دەڵێت: ئەو کارە دەبێتە هۆى ئەوەى نرخى دراو لە کۆنترۆڵ دەربچێت و زیان بە هاوڵاتییان و پڕۆژەکان بگەیەنێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بانکی ناوەندی عێراق لە بەیاننامەیەکدا (14ی کانونی یەکەمی 2021) کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەبارەى دەنگۆکان بۆ دابەزاندنەوەى نرخى دۆلار بۆ 120 هەزار دینار ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو کارە دەبێتە هۆى دروستبوونى بێمتمانەیی بە سیستەمى دارایی و دەرچوونى پڕۆژەکانى وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانى ناوخۆیی لە کێبڕکێ و قوڵبوونەوەى بێکاریی بەهۆی وەستانى پڕۆژەکانەوە.

 

دەشڵێت "بەرزکردنەوەى نرخى دۆلار بووە هۆى کەمکردنەوەى فشار لەسەر خەرجییەکانى وەزارەتى دارایی بەڕێژەى 23% کە بووە هۆى تێپەڕاندنى قەیرانى دارایی".

 

هەروەها ئەوە ڕەت دەكاتەوە نیازی دەركردنی فیئەی نوێی دراو هەبێت و جەخت لەوەش دەكاتەوە بەردەوام دەبێت لەبەردەستخستنی پارەی تازە بۆ گۆڕینی لەگەڵ دڕاوەكان. 

 

لەبارەی یەدەگی نەختینەییشەوە بانكی ناوەندی ئاشكرای دەكات لەم مانگەدا یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە 63.793 ملياردۆلار و لە ئیستا بە نەختیی  59.980 ملیار دۆلار بەردەستە. 

 

پێشتر جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق (سێشەممە 14ی کانونی یەکەمی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاندبوو، "چەند خاڵێک هەیە کە ڕێگە نادرێت نرخی دۆلار بگەڕێتەوە پێشتر، لەسەرو هەموویان نرخی نەوتە، ئەگەر سەدرییەکان حکومەت پێکبهێنن و بیانەوێت نرخى دۆلار بگەڕێننەوە کۆن ( 120 هەزار دینار) ئەوا دەبێت ڕوبکرێتە کورتهێنان کە حکومەتەکەیان بەمە بارگران دەبێت یا دەبێت 23 ترلیۆن دینار قەرز بکەن کە ئەمە لە کوێ دەهێنن؟."   

  

جەمال کۆچەر کە لەم کاندیدی سەرکەوتووی ئەم هەڵبژاردنەشە بۆ پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە، "سەدرییەکان ئەگەرچی دەتوانن ئەو کارە بکەن نرخی سەد دۆلار بکەنەوە بە 120 هەزار دیناری عێراقی، بەڵام نایکەن."