گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

راگەیەنراوێک لە وەزارەتى پێشمەرگەوە

2021.12.13 - 17:04
App store icon Play store icon Play store icon
راگەیەنراوێک لە وەزارەتى پێشمەرگەوە

ناس کورد-

 

وەزیرى پێشمەرگە رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش بەردەوامە، بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق و پشتیوانی بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو وتانەى شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە (13ی کانونی یەکەمی 2021) لەمیانەى کۆبوونەوەیەکیدا هات لەگەڵ  تیمی ڕاوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێم، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى پیشمەرگە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.

 

وەزیرى پێشمەرگە وتى "هەوڵدەدەین پێکەوە لەگەڵ ‌سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنی زیاتر ئەنجام بدەین لەو ناوچانەدا".

 

دەقى راگەیەنراوەکە:



وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێم، مەترسیەکانی ئێستای تیرۆریستانی داعش تاوتوێ دەکەن و جەختیش لەسەر هەماهەنگی و کاری پێکەوەی دەکەن، بۆ رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکەدا.

 

ئەمرۆ ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی کرد لە جەنەڕاڵ دۆسیج، بەرپرسی تیمی  ڕاوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێم  و شاندی یاوەری.

 

لە کۆبوونەوەیەکدا، کە سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەت، فەریق جەمال محەمەد سەرۆکی هەیئەی ئەڕکان و ڕاوێژکارانی باڵای وەزارەت تێیدا ئامادەبوون، گفتوگۆکرا، لەبارەی رەوشی ئەمنی ناوچەکە و دواین ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی پێشمەرگە بۆ تێکشکاندن و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش، پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی لە ناوچەکەدا هەیە.

 

وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: بەردەوامین لە رووبەڕوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق و پشتیوانی بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانان، هەروەها هەوڵدەدەین پێکەوە لەگەڵ ‌سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنی زیاتر ئەنجام بدەین لەو ناوچانەدا، هەروەها وتیشی سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی هێزەکانی ئەمریکا دەکەین، کە بەردەوامن لە هەماهەنگی زیاتر، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، خۆیان بە بەشێکی سەرەکی دەبینن لە رووبەڕووبونەوە و نەهێشتنی تیرۆر لەم ناوچەیەدا.

 

لەلای خۆیەوە، جەنەڕاڵ دۆسیج ڕایگەیاند: دڵخۆشین کە بەردەوام دەبینین قۆناغ بە قۆناغ، هێزی پێشمەرگە لە بەرەوپێشچوون و بەهێزبووندایە، ئیمەش وەکو هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێم، بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیە سەربازی و لۆجیستیەکانمان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، لە رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، پاڵپشتیان دەکەین بۆ لە ناوبردن و بنبڕکردنی تیرۆر لەم ناوچەیەدا، هەروەها لەلای خۆیەوە راوێژکاری سەربازی باڵای ئەمریکا ستایشی قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی کرد، بە هێزێکی چاونەترس و گیانفیدا بۆ خاکی کوردستان ناوی بردن، هیوای خواست لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە تەواوی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا، لە ناوببرێن و کۆتاییان پێ بهێنرێت.