ناس کورد-
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە نوێترین زانیاریی لەبارەی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەرەکەی هەرێم ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، کێشەیان بۆ دروست بووە، دەشڵێت، "نەمان وتووە لەم کابینەیەدا شەمەندەفەر دەهێنینە هەرێم."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە میانەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەرەکە پڕۆژەیەکی گەورەیە و لە شەش قۆناغ پێک دێت، قۆناغی یەکەمی کە لێکۆڵینەوە بووە تەواو بووە و لە قۆناغی دووەمداین، بەڵام کۆمەڵێک کێشەمان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا بۆ دروست بووە کە داواکەی پێشکەش کردووە."
وتیشی، " کێشەکان نێردراونەتە ئەنجومەنی وەزیران و بەشێکی چارەسەر کراوە، ئەگەر بگەینە ڕێککەوتن ئەوا گرێبەست واژۆ دەکەین بۆ دیراسەی لایەنی دارایی و ئەوەش شەش بۆ نۆ مانگی پێویستە و دواتر قۆناغی دیکە دەست پێدەکات."
لەبارەی ئەوەی کە پێشتر وتویانە، لەم کابینەیەدا، شەمەندەفەر دەهێننە هەرێم، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە نەمان وتووە، لەم کابینەیەدا شەمەندەفەر دەهێنین."
ڕوونیشیکردەوە، بەگوێرەی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان، پڕۆژەکە سێ بۆ چوار ملیار دۆلاری دەوێت و ئەوەش لە توانای حکومەتدا نییە، بۆیە لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە جێبەجێ دەکرێت.