ناس کورد-
به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی حه‌مرینی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان ڕایگەیاند، داعش خۆی بۆ دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق و قوڵبوونه‌وه‌ی ناكۆكی نێوان لایه‌نه عێراقیه‌كان ئاماده ده‌كات، دەشڵێت، چه‌كدارانی داعش ئه‌و ناوچانه‌یان چۆڵكردووه كه ئۆپه‌راسیۆنیان تێدا ئه‌نجام ده‌درێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مه‌لا كه‌ریم شكور، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی حه‌مرین-ی یه‌كێتی و كاندیدی سه‌ركه‌وتوو بۆ په‌رله‌مانی عێراق (شەممە 11ی کانونی یەکەمی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند،"چه‌كدارانی داعش ئه‌و ناوچانه‌یان چۆڵكردووه كه ئۆپه‌راسیۆنیان تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، چونكه ڕێگه‌ی ده‌رچوون له‌و ناوچانه چی به‌ماتۆڕسكیل و چی به پیاده زۆره."
ئەو بەرپرسەی یەکێتی پێی وایە، هۆکاری چڕكردنه‌وه‌ی هێرشه‌كانی داعش بۆ خۆ ئاماده‌كردنی ڕێكخراوه‌کەیە بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قۆناغی داهاتووی عێراق و دەڵێت، "پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت و گرفتی نێوان لایه‌نه‌كان، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مانه وایانكردووه داعش خۆی كۆبكاته‌وه و چاوه‌ڕوانی دروستبوونی بۆشایی بكات تا بیقۆزێته‌وه."
به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی حه‌مرین-ی یه‌كێتی دەشڵێت، " ئه‌و هه‌موو خۆراكه‌ی له حه‌شارگه‌كانی داعش له ناوچه‌ی غه‌ڕه‌وپه‌ڵكانه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا، هۆكاره‌كه‌ی گرنگی ئه‌و ناوچه‌یه له‌ڕووی جوگرافیه‌وه، هێزه‌كانی داعش كاتێك له‌كه‌ركوكه‌وه به‌ره‌و دیاله ده‌په‌ڕنه‌وه، له‌ناوچه‌ی غه‌ڕه‌وپه‌ڵكانه لاده‌ده‌ن و چه‌ند ڕۆژێك پشوو ده‌ده‌ن، بۆیه ئه‌و هه‌موو خۆراكه‌یان له‌وێ هه‌بووه."
چڕكردنه‌وه‌ی هێرشه‌كانی داعش لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین قوربانی لێکەوتەوە و لەئێستاشدا ئۆپه‌راسیۆن له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه و سوپای عێراق دەژی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە دەستپێکردووە.