ناس کورد-
ئاسایشی سلێمانی ئاشکرای کرد، ئەو کەسانەی لە پارێزگای هەڵەبجە دەستگیرکران سەرجەمیان کوردی خەڵکی پارێزگاکەن، بەڵام ڕەتیکردەوە لەکاتی ئۆپراسیۆنەکەدا "هیچ تۆمەتبارێک ڕووبەڕووی هێزەکان بووبێتەوە و بریندار هەبێت."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە، 11ی کانونی یەکەمی 2021، یاسین سەمیع، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" ئاشکرای کرد، "بەڵگەی تەواو لە بەردەستدایە کە سەرجەم ئەو کەسانە سەرقاڵی کردەوەی تیرۆرستی بوون" و دەشڵێت، "ئەوان یەک گروپ بوون بەڵام لە چەند شانەیەکدا".
پێشتر وابڵاوکرایەوە کە یەکێک لە تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان بە چەک ڕووبەڕووی هێزەکان بووەتەوە و بە بریندار دەستگیرکراوە، بەڵام وتەبێژەکەى ئاسایشی سلێمانی ئەو بابەتەی ڕەت کردەوە و وتی، "هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک ڕووی نەداوە."
یاسین سەمیع ڕەتی کردەوە ژمارەی ڕاستەقینەی دەستگیرکراوان ئاشکرا بکات و وتی، "لە داهاتوودا ئێمە هەموو ڕاستی و بەڵگەکان، دوای وەرگرتنی وتەکانیان، دەخەینەڕوو، بۆیە پێویست ناکات لە ئێستادا ژمارە بوترێت".
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر وا بڵاوکرایەوە کە نزیکەى 20 گەنج لە ئۆپراسیۆنەکەدا دەستگیرکراون.
ڕۆژی چوارشەممە، 8ی کانونی یەکەمی 2021، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئاشکرای کرد، "لە ئەنجامی چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاری وورد لەسەر گروپێکی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە پارێزگای هەڵەبجە، پاش دەست خستنی بەڵگەی تەواو لەسەریان کە مەرامیان بوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و ئاسایشی ھەرێم تێکبدەن."
باسی لەوەشکرد، ژمارەیەک لە ئەندامانی تاقم و گروپی نەنستووی تیرۆریستانی داعش لە شاری هەڵەبجە، قەزای سەیدسادق و شارۆچکەکانی خورماڵ و سیروان و چەند گوندێکی شارەزوور دەستگیرکران و دەست
بەسەر ژمارەیەک لە چەک و تەقەمەنیشدا گیرا کە پیلانیان دانابوو تا لە کردەوە تیرۆریستییەکانیاندا بەکاری بهێنن."