گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

عێراق لەسەر ’’مانەوەى’’ هێزەکانى ئەمەریکا رونکردنەوە دەدات

2021.12.10 - 13:45
App store icon Play store icon Play store icon
عێراق لەسەر ’’مانەوەى’’ هێزەکانى ئەمەریکا رونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

فەرماندەى پڕۆسە هاوبەشەکانى عێراق رایگەیاند، هێزەکانى هاوپەیمانان لەناویاندا ئەمەریکا بەتەواوى پێش کۆتایی ئەم مانگە دەکشێنەوە و ئەو هەواڵانە راست نین کە باس لە مانەوەیان دەکەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 فەرماندەییەکە (10ی كانونی یەكەمی 2021) لەرونکردنەوەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، عێراق و ئەمەریکا رێکەوتوون لەسەر گواستنەوەى سەربازانى هاوپەیمانان ئەوانەى ئەرکى شەڕکەریان هەبووە بۆ دەرەوەى عێراق و راگەیاندنى فەرمى کۆتایی هاتنى ئەرکەکانیان.

 

دەشڵێت، ئەو ئەندامانەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کە لەعێراقن دەمێننەوە بۆ پێشکەشکردنى راوێژ و پشتیوانى بە هێزە عێراقییەکان.

 

فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان جەختیکردووەتەوە زۆرینەى ئەو هێزانە بەکردەیی کشاونەتەوە، لەچەند رۆژى داهاتووشدا ئەوانەى دیکە دەکشێنەوە، گروپێک راوێژکار شوێنیان دەگرنەوە بۆ پشتیوانى هێزە ئەمنییەکان.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر فەرماندەى ناوەندى هێزەکانى ئەمەریکا رایگەیاند، واشنتن 2500 سەرباز لە عێراق دەهێڵێتەوە.  

 

فرانک ماکینزی بە ئاژانسى ئەسۆشیەتید پرێسى راگەیاند، سەرەڕاى گۆڕانى ئەرکى هێزەکان لەشەڕکەرەوە بۆ راوێژکاریی، بەردەوام دەبن لەپاڵپشتى ئاسمانى و یارمەتیدانى سەربازى لەعێراق دژى داعش.  

  

وتیشى "میلیشیکان دەیانەوێت سەرجەم هێزەکان لە عێراق بکشنەوە، بەڵام ناکشێنەوە، ئەوەش رەنگە لەکۆتایی ئەم مانگەدا کاردانەوەى لێبکەوێتەوە".  

  

ماکینزی جەختیکردەوە، لەو بنکانە کشاونەتەوە کە پێویستیان پێ نییە، بەڵام عێراقییەکان هێشتا دەیانەوێت ئەمەریکا بمێنێتەوە.  

  

دەشڵێت، چەکدارانى داعش هەڕەشەن لەعێراق و ئەو رێکخراوە بەردەوام لە خۆدروستکردنەوەدایە.  

  

راوێژکارى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق (9ی كانونی یەكەمی 2021) بەفەرمى کۆتایی هاتنى ئەرکى شەڕکردنى هێزەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لەعێراق و کشانەوەیانى راگەیاند.  

  

قاسم ئەعرەجى لە تویتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، ئەمڕۆ گفتوگۆ لەگەڵ هاپەیمانان کۆتایی هاتووە کە ساڵى رابردوو دەستیپێکردبوو لەبارەى کۆتایی هاتنى ئەرکى شەڕکردنى هێزەکانیان.    

  

وتیشى بەفەرمى ئەرکى شەڕکردنى هاوپەیمانان لە عێراق کۆتایی هات و دەکشێنەوە، لەمەودوا لەبوارى مەشق و راوێژدا دەمێننەوە.