گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجامى پشکنینى پزیشکى چى دەرخستووە؟

پێش کوژرانى ’’هەوڵدراوە دەستدرێژى بکرێتە سەر عەبدوڵا’’

2021.12.08 - 18:36
App store icon Play store icon Play store icon
پێش کوژرانى ’’هەوڵدراوە دەستدرێژى بکرێتە سەر عەبدوڵا’’

ناس کورد-

 

بنەماڵەى ئەو کوڕەى کە کوژرانى پەیوەستکرا بە کوژرانى کچێکەوە لەهەولێر رەتیدەکەنەوە کوڕەکەیان پەیوەندى لەگەڵ ئەو کچە هەبوبێت و دەڵێن پشکنینى پزیشکى دەریخستووە کە پەیوەندیان نەبووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

تەرمى عەبدوڵا 24 ساڵ و کچێکى 18 ساڵ بەناوى (ح. ق. ا)، رۆژى (7ی کانونی یەکەمی 2021) لە گوندی (لاجان)ی سەر بە ناحیەی شەمامک لەسنورى پارێزگاى هەولێر دۆزرانەوە و پۆلیس هۆکارەکەى بۆ "کێشەى کۆمەڵایەتى گەڕاندەوە.

 

کەسوکارى عەبدوڵا (8ی کانونی یەکەمی 2021) لەکۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ئاماژەیان بەوەکرد، عەبدوڵا بەمەبەستى گەیاندنى ژنبراکەى و سەردانى چووەتە گوندى لاجان، بەڵام لەوێ حەوت بۆ هەشت کەس رفاندویانە و بەشێوەیەکى "نامرۆڤانە" کوشتویانە.

 

ئاماژەیان بەوەشکرد، دواى کوژرانى عەبدوڵا، ژنێک کە هاوسەرى هەبووە و منداڵیشى هەبووە و دوو گیانیش بووە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە کوژراوە.

 

ئامۆزایەکى عەبدوڵا وتى "50 خولەک دواى کوشتنى عەبدوڵا و دواى ئەوەى ئێمە گەیشتینە گوند ژنەکە کوژراوە".

 

وتیشى "ئەو بەشێوازێکى زۆر نامرۆڤانە کوژراوە بەبێ ئەوەى هیچ بەڵگەیەک هەبێت، بنەماڵەى کچەکە هەر بەڵگەیەک هەبێت لەبارەى پەیوەندیان با بیخەنەڕوو، لەکاتێکدا پشکنینى پزیشکى داد دەریخستووە کە هیچ پەیوەندیان نەبووە".

 

بنەماڵەى عەبدوڵا سکاڵایان لەسەر چەند کەسێک تۆمارکردووە و داوا لە شایەتحاڵەکان بکەن شایەتى خۆیان بدەن کە یەکێکیان موختارى گوندەکەیە.

 

برایەکى عەبدوڵا وتى "پێش کوشتنى بکوژەکان هەوڵیاندابوو دەستدرێژى بکەنە سەر عەبدوڵا، بەڵام ئەو ئەوەى قبوڵ نەکردبوو، بۆیە بەبۆرى و چەقۆ و بەرد ئەشکەنجە درابوو، دواتر بەفیشەک کوشتویانە".

 

بنەماڵەى عەبدوڵا و ئەو ژنەى کوژراوە خزمن و بەوتەى کەسوکارى عەبدوڵا هۆکارى ئەو رووداوە قسە و قسەڵۆک بووە.

 

تا ئێستا بنەماڵەى کچەکە هیچ قسەیەکیان لەسەر رووداوەکە نەکردووە.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا (7ی کانونی یەکەمی 2021) رایگەیاند "لە گوندی (لاجان)ی سەر بە ناحیەی شەمامک لە سنووری بنکەی پۆلیسی (تووڕەق) تەرمی دوو کەس دۆزرایەوە، دواتر هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر چوونە شوێنی مەبەست و دەرکەوت کەوا دوو کەس کوژراون بە ناوەکانی (ع. ف. ش) تەمەن (24 ساڵ) لەگەڵ ئافرەتێکی تەمەن (18 ساڵ) بە ناوی (ح. ق. ا)."  

  

دەشڵێت، "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە لەسەر کێشەیەکی خێزانی لەلایەن برایانی ئافرەتەکەوە تەقە لە هەردووکیان کراوە و کوژراون."  

  

"ئێستاش هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێکۆڵینەوەدان بۆ ئەوەی تۆمەتباری سەرەکیی تاوانەکە، دەستگیر بکرێت و بدرێنە دادگا."