گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

خێزانی نەقیب محەمەد داوای هاوکاری دەکەن

2021.12.06 - 23:27
App store icon Play store icon Play store icon
خێزانی نەقیب محەمەد داوای هاوکاری دەکەن

ناس کورد-

ئاڵا لەتیف، خوشکی محەمەد لەتیف، ئەو نەقیبەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە لە سلێمانی تەقەی لێکرا و لەگەڵ بەهۆیەوە کوژرا، ناوی تۆمەتبارانی دۆسییەکەی بڵاوکردووەتەوە و داوای هاوکاری دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاڵا لە فەیسبوکی خۆی کورتە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە (6ی کانونی یەکەمی 2021) ناوی دوو تۆمەتباری سەرەکی و تۆمەتبارێکی تر بڵاوکردووەتەوە کە "هاوکار بووە لە گواستنەوەی" تۆمەتبارە سەرەکییەکان.

 

ئەو خوشەکی نەقیب محەمەد دەشڵێت، "لە کاتژمێرەکانی داهاتوو وردەکاری دیکەی ئەم تاوانەتان لەگەڵ بەش ئەکەم."

 

داواشی کردووە "هاوڵاتیانی کوردستان هاوکارمان بن لە دۆزینەوەی تاوانبارەکان."

 

شەوی شەممە (4ی کانونی یەکەمی 2021) لە شاری سلێمانی داواکراوێک ڕووبەڕووی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان بووە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێک کوژرا و سێ پۆلیسی دیکەش برینداربوون، بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانیش دەڵێت، داواکراوەکە هەڵهاتووە و تا ئێستا دەستگیرنەکراوە.

 

بۆ بەیانییەکەی، بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان وردەکاریی ڕووداوەکەی ئاشكرا کرد و وتی، تاوەکو ئێستا هیچ یەک لە تۆمەتباران دەستگیرنەکراون، دەشڵێت، ژنەکە لە ئێستادا ژنە سکاڵاکارەکە لە شوێنێکی پارێزراوە.

 

سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (یەکشەممە 5ی کانونی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی ماوەیەک پێش ئێستا ژنێک سکاڵای لەسەر هاوسەرەکەی تۆمارکردبوو کە ئازاری دەدات، بەڵام ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتییەکەمان زۆرجار خۆمان درەنگ دەخەین بۆ ئەوەی دەرفەتێک هەبێت کە ئەو دوو هاوسەرە کێشەکەیان چارەسەر بکەن، بەڵام شەوی ڕابردوو ئافرەتەکە پەیوەندی کردووەتەوە و داوای کردووە بچن بە هانایەوە."

 

وتیشی، "دوای ئەوەی مەفرەزەکەمان گەیشتووەتە لای ماڵەکە، چەند کەسێک لە ماڵەکەدا بوون، پێش ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزن یەکێک لەو کەسانەی ماڵەکە تەقەی کردووە و لە ئەنجامدا نەقیب محەمەد شەهید بووە و چەند پۆلیسێکی دیکەش برینداربوون."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "تاوەکو ئێستا تەقەکەرەکە و هیچ یەکێک لە تۆمەباران دەستگیرنەکراون، ئەو کەسەشی کە تەقەی کردووە ئەو کەسە نەبووە کە فەرمانی گرتنی هەبووە، واتە هاوسەری ژنەکە نەبووە، ژنەکەش لە شوێنێکی پارێزراوە."

 

لەبارەی دۆخی بریندارەکانەوە، باسی لەوەکرد، "دوو لە بریندارەکان برینەکانیان سەختە، ئۆتۆمبێلەکەش بەهۆی ئەوەی گولـلە بەر تانکی بەنزینەکەی کەوتووە ئاگری گرتووە."