ناس کورد-
خوێندکارێکى خۆپیشاندەر رایگەیاند، بافڵ تاڵەبانى پێی وتوون هەر مامۆستایەکى زانکۆ بەهۆى خۆپیشاندانەوە سزایان بدات مامۆستاکە دوردەخرێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
خوێندکارەکە (دووشەممە 6ی کانونی یەکەمی 2021) لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا و لەکاتى خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆى کۆیە و لەبەردەم سەرۆکى زانکۆدا دەڵێت "بافڵ تاڵەبانى پێی وتوون هەر مامۆستا و دکتۆرێک لەزانکۆ لەسەر ئەوەى بەشدارى خۆپیشاندانتان کردووە و داواى مافى خۆتان کردووە سزاتان بات یان فەسڵتان بکات، ئەوکات ئێمەش ئەوان فەسڵ دەکەین".
دەشڵێت "بایکۆت دەکەین و خۆپیشاندان دەکەین تا دەرماڵە وەردەگرین".
خوێندکارێکى تر لەناو خۆپیشاندانەکەدا دەڵێت، هەر بەش و مامۆستایەک بیەوێت خوێندکاران بخاتە خولى دووەم، با ناوەکانیان بدەنە نوێنەرەکان.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی (یەکشەممە 5ی کانونی یەکەمی 2021) زیاتر لە 12 سەعات لەگەڵ سەرجەم نوێنەری خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی 14 شار و قەزا و ناحیەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی یەکێتی، دوای گوێگرتن لە داواکاریی خوێندکاران، هاوسەرۆکی یەکێتی بڕیاریدا سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.
میدیای یەکێتی (دووشەممە 6ی کانونی یەکەمی 2021) بڵاویکردووەتەوە، "بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاری دا لە رێگەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی ھەرێم کار بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندکاران بکات."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەروەها بڕیاریشی دا بێ بەرامبەر پاس بۆ گواستنەوەی خوێندکارانی دەرەوەی شار و بەشەناوخۆییەکان دابین بکات، جگە لەوەی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی بەشەناوخۆییەکان بە ئینتەرنێتیشەوە بۆ خوێندکاران دابین بکات.
بەگوێرەی میدیای یەکێتی، یەکێکی تر لە بڕیارەکانی بافڵ تاڵەبانی دوورخستنەوەی دەستی حزبە لە زانکۆ و پەیمانگاکان، دڵنیایشی داوە بە خوێندکاران کە کوالێتی خوێندن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی ھۆشیار و داھێنەر باشتر بکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە جارێکیتری خوێندکاران لە سلێمانی ڕژانەوە سەر شەقام و دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایی کردەوە.