گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

خاوەنی ’’رێبەری خۆپیشاندان’’ ئەزموونەكانی دەگێڕێتەوە

2021.12.06 - 11:54
App store icon Play store icon Play store icon
خاوەنی ’’رێبەری خۆپیشاندان’’ ئەزموونەكانی دەگێڕێتەوە

ناس کورد-

 

لاوک ئەبوبەکر، خاوەنی نامیلکەی "ڕێبەری خۆپیشاندان" لەگەڵ ساڤان عەبدولڕەحمان ئەزموونەکانی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، " ئێستا و داهاتووش هەر ئازاد و سەربەخۆین، هەر ڕێبواری ڕێگەی عەشق و ئازادین، سکاڵای یاساییش لەسەر هەموو ئەو پێگانە تۆمار دەکەین کە بوێریی ئەوەیان هەبوو درۆ بە باڵای ئێمەدا هەڵبچنن."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دەقی نوسینەکەی لاوک ئەبوبەکر: 

 

ئێمە کێین؟

 

دوو گەنج، نەوەی دوای ڕاپەڕین؛ پەروەردە و گەورەبوو لە ناو قۆناغە جیاوازەکانی باشووری کوردستاندا. سەربەخۆ و بێلایەن، هەمیشە بەشداربوو لە بزووتنەوە و جووڵانەوە جەماوەرییەکاندا.

 

هەرگیز کەسمان ئەندامی هیچ ئۆرگان و دەزگایەکی حیزبی و حکومی نەبووین، نزیکەی دە ساڵە لە ناوەندە جیاوازەکانی کارکردن و خوێندنماندا، خاوەن بیروباوەڕ و ڕای خۆمان بووین؛ هەر لەبەر ئەوەش هەمیشە ڕووبەڕووی هەڕەشە و ترساندن و گرتن بووینەتەوە. بەپێی وێستگە جیاوازەکان و پێگەکانی کارکردنمان، هەردەم هەوڵ و چالاکیمان هەبووە و تا توانامان هەبووبێت، نەمانهێشتووە بێبەرهەم و دەستوپێ سپی بین.

 

هەر یەکێکمان لەسەر ئاستی تاکەکەسی، دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەرێمەکەمان غەدری زۆری بەرامبەر کردووین، کە هەمووی لە ئەرشیڤماندا هەیە؛ وا ئێستاش هەردووکمان پێکەوە خراوینەتە بازنەیەکەوە و دەیانەوێت قورستر لەسەرمان داببەزن و شکۆ و ڕەوانیمان بخەنە ژێر پرسیار و ئەو کەمە ئازادییەی بە خەبات و چاونەترسیی خۆمان بە دەستمان هێنابوو، بە تەواوەتی لێمان کوێر بکەن.

 

''ڕێبەری خۆپیشاندەر بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپاراستن''، یادداشت و ڕێپیشاندەریی ئەزموونی دە ساڵەی ئێمەیە لە ناو جووڵانەوە و بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکاندا، بە هەوڵ و توانای ماددی و مەعنەویی خۆمان و لە کاتێکدا هیچ بۆنە و خۆپیشاندانێک لەئارادا نەبوو (بەهاری ٢٠٢١)، ئامادە و بڵاومان کردەوە. دوای نزیکەی دە مانگ و لەگەڵ دروستبوونی خۆپیشاندانی خوێندکاران لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا، وەک هەمیشە و لەگەڵ بەشداربوونمان لە جووڵانەوەکەدا، بە دەرفەتمان زانی نامیلکەکەمان بەسەر خۆپیشاندەراندا دابەش بکەین، تا بە ئەرکی سەرەکیی خۆی هەڵبستێت و ئەو ئامانجە بپێکێت کە بۆی بەرهەم هاتووە.

 

ئەوەی خۆشحاڵی کردین، بەدەمەوەهاتنی بەشێکی زۆری خوێندکاران، خۆپیشاندەران و چالاکوانان بوو بۆ خوێندنەوە و زیاتر بڵاوکردنەوەی نامیلکەکە، کە هەمووی لە سۆنگەی خوێندنەوە و تێگەیشتن بوو لەو ئەزموونەی ئێمە نووسیبوومانەوە. بەڵام وەک هەمیشە و لە پاڵیدا، کۆمەڵێکی زۆر تۆمەتمان درایە پاڵ و بووینە سەردێڕی ژووری ئۆپەراسیۆنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزبەکانی دەسەڵات، بە تایبەتی دەزگا و پەڕە فەرمی و سێبەرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ وەک ئەوەی ئێمە یەکەم ڕۆژی کارکردنمان بێت و کەس نەمانناسێت، کراینە تێکدەر و ئامڕازی دەستی دەرەکی و هاندەری توندوتیژی، چەندین درۆی شاخدارمان بەسەردا هەڵبەسترا و هەموو چاوەکانیان خستە سەر ئێمە و کردیانینە خیانەتکاری نیشتمانی؛ لە کاتێکدا باشمان دەناسن و لە ناو و ناوبانگ و کەسایەتیمان شارەزا و دڵنیان.

 

هەرچەندە هەر زوو خەڵک و هاوڕێیانمان بە شێوازی جیا جیا بەرپەرچی ئەو تۆمەتانەیان دایەوە، بەڵام لەو ڕۆژەوە ئێمە لە نادڵنیاییەکی زۆرداین و ڕۆژەکانمان بە قەلەقییەوە بەڕێ دەکەین، لە هەر ساتێکدا چاوەڕێی دەستبەسەرکردنین و گومان هەموو چواردەوری تەنیوین. سەرەڕای هەموو ئەمانە و زیاتریش، ورەی ئێمە پۆڵایینە و وەک چۆن ڕێگرتنەکانی ڕابردوو نەیوەستانوین، ئێستاش هەر لە خەبات بەردەوامین، بەڵام دەبێت ڕای گشتی لەوە ئاگادار بکرێتەوە، کە ژیانی دوو هاووڵاتی بە کۆمەڵێک تۆمەتی بێبنەما و درۆی هەڵبەستراوی حیزبی حوكمڕان و دەسەڵات، کەوتووەتە ژێر چاودێری و مەترسییەوە.

 

ئێمە هێندە لە شوناس و کەسایەتیی خۆمان لای خەڵکانی پاک و ئازاد و سەربەخۆ دڵنیاین، پێمان وابوو ئەسڵەن ئەم نووسینە هەر گرنگ نییە، چونکە پێش ئەوەی ئێمە بە یەک وشەش وەڵامی ئەو تۆمەتانە بدەینەوە، هاووڵاتییە ڕەسەنەکانمان بە توندی بەرپەرچیان دانەوە و وەک ئەوەی پەنجە بە چاویاندا بکەن، بە شانازییەوە بەرگرییان لێ کردین. هەر بۆیە ئەم نووسینە دەخەینە پاڵ ئەو پاڵپشتی و هاوپشتییانە و تەنها بۆ ئەوەیە بڵێین، لە هەر یەکێک لەو تۆمەتانە بێبەرین و سکاڵا لەسەر هەموو ئەو پێگانە تۆمار دەکەین کە بوێریی ئەوەیان هەبوو درۆ بە باڵای ئێمەدا هەڵبچنن (بە تایبەت ماڵپەڕی کوردستان٢٤(.

 

وەک چۆن لە ڕابردوودا بووین، ئێستا و داهاتووش هەر ئازاد و سەربەخۆین، هەر ڕێبواری ڕێگەی عەشق و ئازادین و لە وەرگرتنی ئەزموونی نوێ و بەشکردنی ئەزموونی ڕابردووماندا، بەردەوام و بەردەوام و بەردەوام دەبین.

 

نامیلکەکەمان:

 

https://en.calameo.com/read/005257251d04fa80f8868

 

ساڤان و لاوک

سەروبەندی جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکاران

تشرینی دووەم بۆ کانوونی یەکەمی ٢٠٢١