گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسێکی باڵا وەڵام دەداتەوە

ئەو چەک و پێداویستییانەی هاوپەیمانان لە کوێن کە دراون بە پێشمەرگە

2021.12.06 - 09:45
App store icon Play store icon Play store icon
ئەو چەک و پێداویستییانەی هاوپەیمانان لە کوێن کە دراون بە پێشمەرگە

ناس کورد- 

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو هاوکارییانەی هاوپەیمانان دەیداتە پێشمەرگە کەمن و ناتوانن بەوانە ڕووبەڕووی داعش ببنەوە، دەشڵێت، ناشتوانن خۆیان پێداویستی بکڕن و دەبێت ڕەزامەندی عێراقی لەسەر بێت، هەروەها سەبارەت بە پەرلەمانتارانیش دەڵێت، "ئەوانە نوێنەری خەڵکن بۆیە حاڵمان جوانە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم (دووشەممە 6ی کانونی یەکەمی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، "داعش نەک هەر مەترسییەکانی بەردەوامە، بەڵکو ئێستا داعش زیاتر مەترسیدارترە تا کاتی هاتنیان، لەبەر ئەوەی کاتی هاتنیان ببووە هۆی دروستبونی دوو جەبهە، کە هێزی پێشمەرگە خەتێکی بەرگری دروست کردبوو، بەڵام ئێستا شەڕی پارتیزانی دەکەن تەنها مەبەستییان شەهیدکردنی پێشمەرگە یا بریندارکردن یاخود زیانە لە کەلوپەلەکان و تەقەمەنییەکان، مەبەستییان شوێن گرتن نیە." 

 

سەبارەت بەوەی کێ کەمتەرخەمی سەرەکییە لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە؟ جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت، " کەمتەرخەمی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ عێراق کە ناتوانێت ئەمنیەت بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دابین بکات، هۆکارێکی تر ئەوەیە ئێستا داعش بە شێوەی پارتیزانی هێرشەکان دەکەن، بۆ نمونە ئەوکاتەی ئێمە پێشمەرگە و پارتیزان بوین عێراق خاوەنی گەورەترین سوپا بوو لە ناوچەکە، بەڵام نەیتوانیوە چاری پێشمەرگە بشکێنێت یاخود نەیتوانیووە ڕێگری بکات لە چالاکیەکانمان بەو توانا کەمەی هەمانبوو کە زەوی و ئاسمانی نێوان بوو توانیمان سوپای عێراقی هیلاک بکەین، لەبەرئەوە ئەو پارتیزانیانەی کە شەڕی پارتیزانی دەکەن دەگەڕێن زانیاری کۆدەکەنەوە خاڵێکی لاواز دەدۆزنەوە پەلاماری ئەو خاڵە لاوازە دەدەن." 

 

هاوکات لەبارەی ئەوەی ئەو چەک و تەقەمەنی و یارمەتییە سەربازییانەی هاوپەیمانان لە کوێن کە دراون بە پێشمەرگە؟ جێگری سەرۆکی هەرێم دەڵێت، "ئێمە سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین کە لەسەرەتای شەڕی داعشەوە هاتنە کوردستان و تیمییان دروستکرد، بەهێزی ئاسمانی هاوکارییان کردین جگە لەوەی هەندێک هاوکاری ترییان کردین، بەڵام ئەو هاوکارییانەی کە هێزی هاوپەیمانان پێشکەشی پێشمەرگەیان کردووە بابێن حسابی لەسەر بکەن بزانین ئەو هاوکاری و یارمەتییانە هی ئەوەیە کە داعش تێکبشکێنێت؟ پێشمەرگە بە بیروباوەڕ و بەخوێن ئەو شەڕەی کردووەنەک بەو چەک و تەقەمەنییانە."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئێستاش هەندێک چەک و دۆشکە هەن کە پێیان داوین لە شەڕی داعشەوە یەک فیشەکییان پێنەداوین و فیشەکیشی نەماوە، ڕاستە ئەمەریکا چەند لیوایەکی پڕ چەک کردووە و مەشقییان پێدەکات، بەڵام هێشتا هەندێک پێداویستی ماون، بۆ نمونە دوربینێکی (حەراری) کە بەشەو بتوانین چاودێری پێ بکەین با بزانین چەند لەو دوربینانەیان داوە بە پێشمەرگە؟ وە بابشزانین داعش چەند لەو دوربینانەی هەیە کە ئەمڕۆ بەو دوربینە حەرارییانە ئەو عەمەلیە نەوعییانە بەرامبەر هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقیش دەکات، لەبەرئەوە ڕاستە هەندێک چەک و تەقەمەنییان پێداوین، بەڵام تەنانەت جیهازێکی وای پێنەداوین کە ئەو بۆمب و مینە چێنراوانە بدۆزێتەوە و کەشف بکات کە سەدان پێشمەرگەی شەهید کردووە و برینداری کردوون، هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە بژی و مەمرە بووە، هاوکارییەک نەبووە کە هێزێکی تۆکمە و پڕ چەک دروست بکەن بەرامبەر داعش، بەپێچەوانەوە ئێستاش داعش لە هەموو هێزەکانی تر بەهێزترە، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە بیروباوەڕ شەڕی کردووە ئەگەرنا ئەگەر لەڕووی چەک و شارەزاییەوە ئێستاش ڕەنگە داعش لە سوپای عێراق بەهێزتر و شارەزاتر بێت." 

 

لەبارەی کڕینی چەک و پێداویستیشەوە، جەعفەر شێخ مستەفا ئاماژەی بەوەکردووە، "لەبەرئەوەی چ هێزەکانی هاوپەیمانان، چ وڵاتانی تر ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێم ناکەن، ئەوان دەڵێن کوردستان بەشێکە لە عێراق دەبێت لەسەر ڕەزامەندی عێراق بێت، عێراقیش ڕەزامەندی دەرنابڕێت بۆ ئەوەی ئێمە خۆمان ئەو پێداویستییانە بهێنین بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان. ”

 

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی کە هەریەکەیان ئاڕاستەی حیزبەکانی بەرامبەریان دەکەن، جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت، " ئاخر بۆیە حاڵمان جوانە ئەوانە نوێنەری خەڵکن، ئەوانە نوێنەری هەرێمی کوردستانن، ئەوانە یاسا دەردەکەن، ئەوانە پارێزەری مافی تاکە کەسن، ئەوانە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، بۆیە حاڵمان واجوانە، ئەوانە هاتونەتە ناو ئەو پەرلەمانەوە کە ئەسڵەن مرۆڤ نازانێت چۆن باسی بکات، جیاوازی پێشمەرگەیەک بکەیت کە لەسەنگەردا بێت و شەهید بێت کە لەم ڕۆژانەی دوایدا بەو هاوڵاتیانەوە 19 کەس شەهید بوون داعشێک نەیپرسی کامە پارتیە؟ یا یەکێتیە؟ یاخود حیزبێکی ترە؟ بەداخەوە بۆ ئەو مناڵ و مەزن و نەفام و بێ عاقڵانە کە ئەوانە وەک ندی و بدی ئەم قسانە دەکەن و بەهەوەسی خۆیان لێدوان دەدەن من هەر ئەوەندەیان پێدەڵێم."