ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانى هاوسەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، کۆمپانیاکان خەریکە کێڵگە نەوتییەکانى گەرمیان جێدەهێڵن بەهۆى چەند "مافیا و چەکدارێکەوە" بۆیە بڕیاریداوە هێز بنێرێتە ئەو ناوچەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو وتانەى بافڵ تاڵەبانى (5 كانونى یەکەمى 2021) لەمیانەى کۆبوونەوەیدا هات لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانى زانکۆ و لە وەڵامى پرسیارێکى خوێندکارێکدا لەبارەى دیارنەمانى داهاتى گەرمیان، ئەوەش بەپێی ڤیدیۆیەکى کۆبوونەوەکە کە "ناس کورد" بینیویەتى و دزەیکردووە بۆ سۆشیال میدیا.
خوێندکارەکە لە بافڵ تاڵەبانى دەپرسێت "داهاتى کێڵگەى نەوتى حەسیرە و خاڵە سنورییەکان چى لێدێت، بۆچى لەخزمەتى خەڵکى سنورەکەدا نییە؟".
لەوەڵامدا بافڵ تاڵەبانى دەڵێت "تۆ بۆ ناڵێیت ئەم هەموو نەوتەى تر هەیە لە گەرمیان بۆ کۆمپانیاکان دەریناهێنن، چەند مافیا و چەکدارێک هەیە و ناوچەکەیان کۆنترۆڵکردووە خەریکە کۆمپانیاکان دەڕۆن و ئەو تۆزە داهاتەش کە هەیە نامێنێت".
دەشڵێت "لەلاى پارتى وا نییە، لەوێ کەس ناتوانێت شتى وا بکات. بەنیازم لەم یەک دوو هەفتەیە هێزێکى سەربازى بنێرمە ناوچەکە".