ناس كورد-
پزیشكێكی هیندی كە تووشی گۆڕاوی نوێی كۆرۆنا (ئۆمیكرۆن) بووە پەیامێكی لەبارەی نیشانە وردەكانی بڵاوكردەوە و دڵنیایی دەدات لەبارەی مەترسیی نەخۆشییەكە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پزیشكەكە كە ناوی "صاحب"ـە و تەمەنی 46 ساڵە، یەكێكە لەو چوار كەسەی لە هیندستان توشبوونی بە گۆڕاوە نوێیەكە پشتڕاستكراوەتەوە و لە نەخۆشخانەیەكی بەنگەلۆر كەرەنتین كراوە. لە پەیامێكیشدا كە "الخلیج تایمز" بڵاوی كردووەتەوە و "ناس كورد" بینیویەتی (5ی كانونی یەكەمی 2021) باسی نیشانەكانی نەخۆشییەكە دەكات.
پزیشكەكە دەڵێت، هەست بە ئازاری ماسولكە و بێزاری و سەرسوڕخواردن و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەكات تا ئاستی 38.5 لە سێیەم رۆژی توشبوونییەوە، بەڵام هیچ كێشەیەكی لە هەناسەدان نییە و رێژەی ئۆكسجینی لە خوێندا دەگاتە نزیكەی 95%.
پزیشكەكە دەڵێت، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئۆمیكرۆن مەترسی نییە لەسەر ژیانی كەس بەڵام پێویستی بەكەرەنتین و وەرگرتنی چارەسەر هەیە پاش دەركەوتنی .
شارەزایانی تەندروستی ڕایدەگەیەنن، گۆڕاوە تازەكەی كۆرۆنا "ئۆمیكرۆن" هەندێك نیشانەی جیاوازی هەیە و ئەوانەشی بەركەوتەی توشبووانن دەبێت بۆ ماوەی 10 ڕۆژ خۆیان كەرەنتین بكەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی "زە سەنی" بەریتانی كە "ناس كورد" بینیویەتی (4ی كانونی یەكەمی 2021)، شارەزایانی تەندروستی و چاودێرانی ڤایرۆسەكان باس لەوە دەكەن قورسە توشبووی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن جیابكرێتەوە لە توشبووانی تری كۆرۆنا چونكە نیشانەكانیان زۆر نزیكە.
دەزگا تەندروستییەكانی بەریتانیا لای خۆیانەوە جەخت لەوە دەكەنەوە نیشانە سەرەكییەكانی ئۆمیكرۆن بریتین لە كۆكەی بەردەوام و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و لەدەستدانی هەستی چەشتن و بۆنكردن.
بەڵام پرۆفیسۆر تيم سبيكتور لە " كينغز كوليدج لندن" پێی وایە نیشانەكانی ئۆمیكرۆن زیاتر لە هی هەڵامەت دەچێت، ئەوانەی توشبوون سەرئێشە و ئاوی لوت و هەوكردنی گەروویان هەیە لەگەڵ پژمە.
ئەو پزیشكانەشی لە ئەفەریقا یەكەم جار نەخۆشییەكەیان ئاشكراكرد لەوانەش "أنجيليك كويتزي" سەرۆكی كۆمەڵەی پزیشكی ئەفەریقای باشور سێ نیشانەی سەرەكییان تۆماركردووە بۆ زۆربەی توشبووانی گۆڕاوە نوێیەكە كە ئەوانیش هەست بەماندوێتی و سەرئێشە و ئازاری ماسولكەكانی لەشە.
لە ئەفریقای باشوور یەکەمین تووشبووی کۆرۆنای گۆڕاوی جۆری ئۆمیکرۆنی تۆمارکرا، ژمارەیەکی زۆری خەڵک روویان لە پشكنینی کۆرۆنا کردووە. لە وڵاتە دراوسێکانیشی هەست بە مەترسیی گۆڕاوە نوێیەکە دەکرێت. لە کینیا خەڵک بۆ وەرگرتنی ڤاکسین نۆرەیان گرتووە. لە زیمبابۆی ناوەندەکانی پێدانی ڤاکسین لە نەخۆشخانە تایبەت و گشتییەکانیشدا زیاد کراون.
ئیتا روسکی، پسپۆڕی تەندروستی دەڵێت، "دۆزینەوەی ئەم گۆڕاوە نوێیەی کۆرۆنا لەم کاتەدا کە لە وەرزی ئاهەنگ و پشوو نزیکدەبینەوە، وێنەیەکی زۆر نیگەرانکەرمان پێشاندەدات نەک تەنیا لە ئەفریقای باشوور و بۆستوانا، بەڵکو لە سەرانسەری هەرێمەکە".
کۆرۆنای جۆری ئۆمیکرۆن تەنیا لە ئەفریقا نەماوەتەوە، بەڵکو تاوەکو ئێستا لە 14 وڵاتی هەر حەوت کیشوەرەکە تۆمارکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی هیچ کەسێک بەو هۆیەوە رانەگەیێندراوە.
ژمارەیەکی زۆری وڵاتان گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی باشووری ئەفریقا هەڵپەساردووە، ئەگەرچی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئەو هەنگاوە ناتوانێت کۆرۆنای ئۆمیکرۆن بووەستێنێت.