ناس کورد-
کەمێک پێش ئێستا چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر گوندێكی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری قەزای دوبز و دانیشتووانی گوندەكە داوای بەهاناوەچوون دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەواد محەمەد، بەرپرسی ناوچەی دوبزی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند، "ئەمشەو شەممە تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر گوندی لهێبانی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێستا تیرۆریستان چواردەوری گوندەكەیان گرتووە و دانیشتووانی گوندەكە پەیوەندییان پێوە كردین و داوای ئەوە دەكەن هێزە ئەمنییەکان بەپەلە بەهانایانەوە بچن".
هاوکات بەوتەی خەڵکی گوندەکە بۆ "ناس کورد" چەکدارانی داعش ویستویانە بچنە ناو گوندەکەوە، بەڵام تەقەیان لێکردوون و ڕێگەیان نەداوە بچنە ناوەوە، بەڵام پێیان وایە هێشتا نەڕۆیشتوون.
هەر لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارێزگای کەرکوک بە "ناس کورد"ی وت، "قسە لەگەڵ سوپای عێراق کراوە، ئەوان وتوویانە ناتوانن بچنە گوندەکە، بەڵام لەگەڵ پێشمەرگە لەسەر خەتن و هەول دەدەن لەویش بێنە پێشەوە و ببێتە ئەمری واقع کە لەو ناوچانە بلاوەیان پێ بکرێت."
بەگوێرەی زانیارییەكان، دانیشتووانی گوندەكە بە چەكی خۆیان ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بوونەتەوە تاكو ئێستا شەڕەكە بەردەوامە.