گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كاردانەوەی توندی دەوێت

پەیامێك لە سەرۆكایەتی هەرێمەوە لەبارەی هێرشەكانی داعش

2021.12.03 - 11:00
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێك لە سەرۆكایەتی هەرێمەوە لەبارەی هێرشەكانی داعش

ناس كورد_

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا لەبارەی هێرشەكانی شەوی ڕابردووی داعش دەڵێت: کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەوێت. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 
لە پەیامەكەدا (3ی كانونی یەكەمی 2021) هاتووە: زۆر بە توندی سەرکۆنەی هێرشى دڕندانه‌ى شەوی ڕابردووى تيرۆرستانى داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووخ لە سنووری مەخموور بۆ سه‌ر خه‌ڵكى سڤيل ده‌كه‌ين. 
 
هەروەها دەڵێت: هێرش و پەلامارى ڕۆژانه‌ى تیرۆرستانی داعش، ئيتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەوێت کە سنوورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆرستییەکانیان دابنێت.
 
جەخت لەوەش دەكاتەوە، پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆخ و توانا سه‌ربازييه‌كاندا و هەنگاوی خێرا و هەنووکەیی بۆ هەماهەنگیی کاراتری سوپای عیراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە کە بۆشاییی ئەمنی و سەربازی بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان پڕ بکاتەوە.
 
هەروەها دەڵێت: لە ڕووی سیاسیشەوە دەبێ هەموو هێز و لایەنە عیراقییەکان بزانن کە تا پرۆسەی سیاسی ڕاستەڕێ نەبێت و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات جێگیر نەبێت، تیرۆرستان زیاتر دۆخەکە دەقۆزنەوە، بۆیە ئەرکی لەپێشینەی نیشتمانیی تەواوی عیراقییەکانە تا زووە ناکۆکیی سیاسی تێپەڕێنن و هەموومان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری کار بکەین.
 
 
لە ئەنجامی هێرشی شەوی ڕابردووی داعش لە سنوری مەخمور سێ هاوڵاتی سڤیل و حەوت پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا.