گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

پارتى بڕیار لەسەر دوو کورسییە لەدەستچووەکەى بۆ یەکێتى دەدات

2021.12.01 - 20:51
App store icon Play store icon Play store icon
پارتى بڕیار لەسەر دوو کورسییە لەدەستچووەکەى بۆ یەکێتى دەدات

ناس کورد-

راوێژکارێکى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى رایگەیاند، سبەینێ مەکتەبی سیاسی حزبەکەیان کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەبارەى لەدەستدانى دوو کورسیان لەهەولێر و نەینەوا، بەپێی ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەسعود حەیدەر (1ی كانونی دووەمی 2021) لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا وتى "پێشێلکاریی روونى یاسایی هەیە پەیوەست بە ئەنجامى هەڵبژاردن و کورسییەکانى پارتى".

 

وتیشى "بەبڕیارى سیاسی دوو کورسی پارتى لەهەولێر و نەینەوا دزران، سبەینێ مەکتەبی سیاسی بەسەرۆکایەتى بارزانى کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى ئەو پرسە و بڕیاردان لەبارەیەوە".

 

بەپێی ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە راگەیەنرا، لەپارێزگاکانى هەولێر و نەینەوا پارتى دوو کورسی لەبەرژەوەندى یەکێتى لەدەستدا، لەسەر بنەماى ئەو سکاڵایانەى کاندیدەکانى یەکێتى تۆماریانکردبوو. 

 

مەحمود محەمەد وتەبێژى پارتى سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دوو کورسی کە "ئیستحقاقی یاسایی" دوو کاندیدی ئەوان بوون لە پارێزگاکانی ھەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون.

 

لەبەرانبەردا ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەكێتیی ئاماژەى بەوەکردووە "دوو كورسییەكەی پارێزگای نەینەوا (بازنەی ٢)، و پارێزگای هەولێر (بازنەی ٣) ئیستحقاقی رەوای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانن، كە ھەر ئیستحقاقی كوردە لە چوارچێوەی كورسییەكانی كوردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق".  

  

وتیشى "گێرانەوەی كورسییەكانی یەكێتی لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی كوردستان دوای رەچاوكردنی تانە یاساییەكان و سەلماندنی ھەوڵی ساختەكاری (تزویر) كارێكی باشە و ئێمە پێشوازی لێ دەكەین".