ناس کورد-
پزیشکێکى پسپۆڕ رایگەیاند، ئەو کەسانەى لەکۆرۆنا چاکبوونەوە و هێشتا هەستى بۆن و تامکردنیان بۆ نەگەڕاوەتەوە، بە چوار رێگا دەتوانن هەستەکانیان بگەڕێننەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شێروان کۆساری پزیشکی شارەزای گشتی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە، زۆربەی ئەوانەی هەستی بۆن کردن لەدەست دەدن لەهەمان کاتدا هەستی تام کردنیشیان نامێنێ چونکە 80% ئەوەی کە تۆ تامی دەکەی پەیوەستە بە بۆنکردنەوە ، بۆیە پەیوەندیەکی زۆر نزیک هەیە لەنێوان ئەو دوو هەستە کە وای کردووە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر یەکتر هەبێت .
دەشڵێت ئەگەر دوو هەفتە تێپەڕیوە بەسەر چاک بوونەوەت لە پەتاکەو هێشتا هەستی بۆنکرندنت بۆ نەگەڕاوەتەوە ، جۆرە ڕاهێنانێک هەیە دەتوانی لە ماڵەوە ئەنجامی بدەی پێی دەڵێن ڕاهێنانی بۆنکردن ( Smell Retraining Therapy ) ، ئەو ڕاهێنانە دەبێتە هۆی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان هەستەوەرەکانی بۆنکردن لەناو لووت و سەنتەری بۆنکردن لە مێشک، ڕاهێنانەکە زۆر سادەو ئاسانە ، تێچووی کەمە و هیچ مەترسیەکیشی نیە.
ڕاهێنانەکە پێک دێت لە بۆنکردنی 4 جۆر بۆنی جیاواز ، ئەوانیش :
1ـ بۆنی لیمۆ
2ـ بۆنی کالیپتۆس
3ـ بۆنی ڕۆز (گوڵەباخ)
4ـ بۆنی قەڕەنفل
بەوتەى ئەو پزیشکە، ئەو کەسانە پێویستە هەریەک لەو بۆنانە ڕۆژانە بۆماوەی 20 چرکە بۆن بکەن بۆ ماوەی دوو جار ، خۆ ئەگەر زیاتر لە دووجار بۆنی بکەن ئەنجامێکی کاریگەرترو خێراتر بەدەست دێنی ، پێویستە بۆ ماوەی 3 مانگ بەردەوام بن لەسەر ئەو ڕاهێنانە بۆ دەستکەوتنی ئەنجامێکی باش.